ژمارەی قوربانیانی لوبنان گەیشتە نزیکەی 1500 کەس
فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی لوبنانی رایگەیاند، ژمارەی کوژراو و بریندارانی هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان گەیشتووەتە 1500 کەس.
بەرگری شارستانی لوبنانی لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوەکرد، لە هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت 92 کەس کوژراون و 742 کەسی دیکەش برینداربوون.
هەر لەبارەی قوربانییەکانەوە رایگەیاند، لە دەورووبەری باشووری بەیرووت 61 کەس کوژراون و 200 کەسی دیکەش برینداربوون، هەروەها لە بەعلەبەک، 18 کەس کوژراون و 28 کەسی دیکەش برینداربوون، لە هەرمەل 9 کوژراو و 6 برینداری لێکەوتەوە.
بەرگری شارستانی لوبنان باسی لەوەشکرد، لە قەزای عالیە و نەبەتیە 40 کەس کوژراون و 65 کەس بریندار بوون. هەروەها لە سەیدا و سوەر 29 کەس کوژراون و 104 کەس بریندار بوون.
بەشێوەیەکی گشتیی ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 254 کەس و هەزار و 165 کەسی دیکەش برینداربوون.
تیمەکانی بەرگری شارستانی بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن و بریندارێکی زۆریان گواستووەتەوە و تەرمی کوژراوەکانیشیان گواستووەتەوە شوێنی مەبەست، هەروەها ژمارەیەک هاووڵاتیشیان لەژێر داروپەردوودا دەرهێنا و رزگاریان کرد.