ئیسماعیل بەقایی: تاوانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان لە ئەستۆی ئەمریکایە

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، ئەو هێرشانەی ئەمڕۆی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی لوبنان سەرکۆنە دەکەین، کە بەسەدان هاووڵاتی سڤیلی لوبنان کوژران و برینداربوون.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوێکدا، ئەم هێرشانەی بە "تاوانێکی قێزەون و شەرمەزارکەر" وەسفکرد، هۆشداریدا لەوەی کاردانەوەی جددیان دەبێت، چونکە لە ئەنجامی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، ژمارەی قوربانییەکان بەرزدەبێتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش دا، ئەمریکا بەڵێنی داوە ئاگربەستەکەی نێوان تاران و واشنتن، لوبنانیش بگرێتەوە.

هەروەها سەرۆک وەزیرانی پاکستان لەوبارەوە گوتی: کۆتاییهێنان بە جەنگی لوبنان بەشێکی جەوهەرییە لە لێکتێگەیشتنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا، دەشڵێت، هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل پێشێلکارییەکی روونی ئەم لێکتێگەیشتنەیە.

ئیسماعیل بەقایی جەختی لەوەش کردەوە، ئەمریکا بەرپرسیارێتی راستەوخۆی ئەم پێشهاتانە لە ئەستۆ دەگرێت، چونکە ئەو پاڵپشتی ئیسرائیل دەکات، هەروەها گوتی: ئەو شتانەی روودەدەن کۆمەڵکوژییە دژی گەلی لوبنان و وێرانکردنی ماڵ و حاڵیانە.

فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی لوبنانی رایگەیاند، ژمارەی کوژراو و بریندارانی هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان گەیشتووەتە نزیکەی 1500 کەس.