هەواڵگریی رووسیا: یەکێتیی ئەوروپا بە نهێنی خەریکی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمییە

دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی رووسیا ئاماژەی داوە، یەکێتیی ئەوروپا بە نهێنی دەستی بە پڕۆژەیەکی ستراتیژی کردووە بۆ دروستکردنی"بۆمبی ئەتۆمیی سەربەخۆ و بنیاتنانی هێزێکی رێگری لە بەرانبەر مۆسکۆ؛ هاوکات رووسیا هۆشداری دەدات کە ئەم هەنگاوەی بروکسل پێشبڕکێیەکی نوێ و مەترسیداری چەکداری لە جیهاندا هەڵدەگیرسێنێت

چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی ڕووسیا (SVR) راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، یەکێتیی ئەوروپا دەستی بە پڕۆژەیەکی زۆر نهێنی کردووە بۆ بنیاتنانی ژێرخان و توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی تایبەت بە خۆی. مۆسکۆ ئەم هەنگاوەی بروکسل وەک هەوڵێک بۆ دروستکردنی هێزێکی ڕێگری لە بەرانبەر رووسیا ناو دەبات.

بەگوێرەی راگەیەندراوی هەواڵگریی ڕووسیا کە ئاژانسی تاس بڵاویکردووەتەوە، کارە سەرەتاییەکان لەنێو رێڕەوەکانی بڕیاردانی یەکێتیی ئەوروپادا دەستیان پێکردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی. راپۆرتەکە ئاشکرای کردووە کە ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، بە فەرمی رەزامەندی داوە لەسەر ئەوەی تەواوی ئەم ئامادەکارییانە لەوپەڕی نهێنیدا بمێننەوە تاوەکوو کاتێکی گونجاو.

هەواڵگریی رووسیا دەڵێت: بۆ تێکدانی سەرنجی رای گشتیی جیهان، بروکسل بەردەوامە لە نیشاندانی پابەندبوونی بە سیاسەتە کلاسیکییەکەی کە پشت بە چەتری ئەتۆمیی ئەمریکا دەبەستێت، بەڵام ئەمە تەنیا تاکتیکێکە بۆ کڕینی کات تاوەکو لە ژێرەوە توانای ئەتۆمیی سەربەخۆ بنیات دەنێن و ڕای گشتی بۆ بڕیارێکی سیاسیی لەو شێوەیە ئامادە دەکەن.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، هەریەکە لە فەرەنسا و بەریتانیا هەماهەنگییەکانیان لە بواری عەقیدەی ئەتۆمی چڕتر کردووەتەوە، بە مەبەستی دروستکردنی سیستەمێکی رێگریی ئەتۆمیی ئەوروپی کە پشتیوانیی دارایی و ژێرخانی تەواوی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپای لە پشت بێت.

جەختی کردووەتەوە کە ئەم پڕۆژەیە تەنیا بیرۆکە نییە، بەڵکوو بنەمایەکی پیشەیی و تەکنیکیی هەیە؛ چونکە وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، کۆماری چیک، بەلجیکا، هۆڵەندا، سوید و ئیسپانیا، خاوەنی ئەزموونێکی قووڵن لە پەرەپێدانی پێکهاتە جیاوازەکانی چەکی ئەتۆمی.

سەرچاوە هەواڵگرییەکانی رووسیا هۆشداری دەدەن کە وڵاتانی ئەوروپا بڕێکی زۆر لە سووتەمەنی ئەتۆمیی تیشکدەریان کۆکردووەتەوە، کە لە پاشماوەی وێستگە ئەتۆمییەکانەوە دەستیان کەوتووە. مۆسکۆ دەڵێت ئەوروپا دەتوانێت بە شێوەیەکی نهێنی پلاتۆنیۆم لەم سووتەمەنییانە دەربهێنێت و بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بەکاری بهێنێت.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، دەزگای هەواڵگریی ڕووسیا داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، کە رێگری لەم هەوڵانەی یەکێتیی ئەوروپا بگرن، چونکە بە گوتەی ئەوان، ئەمە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی پێشبڕکێیەکی نوێ و مەترسیداری چەکداریی ئەتۆمی کە کۆنتڕۆڵکردنی مەحاڵ دەبێت.