سوودانی و ماکرۆن پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا
سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی فەرەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان تاوتوێ کرد، تیشکیش خرایە سەر دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانەی هێرشیان کردبووە سەر بنکەیەکی هاوپەیمانان لە هەولێر.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنساوە پێگەیشت، لە پەیوەندییەکەدا باس لە دۆخی گشتیی ناوچەکە و هەوڵەکان بۆ راگرتنی شەڕ و ململانێکان کرا.
سودانی جەختی لە گرنگی بەردەوامبوونی ئاگربەست کردەوە بەو ئاراستەیەی کە سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا بچەسپێنێت، هەروەها هەردوولا باسیان لە "هێرشە ئازاربەخشەکانی" سەر لوبنان و لێکەوتە مەترسیدارەکانی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە کرد و جەختیان لە پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی کردەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دا لە دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانەی تێوەگلابوون لە ئاراستەکردنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بۆ سەر هەولێر، کە تێیدا ڕاوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لێبوو و بەهۆیەوە ئەفسەرێکی فەرەنسی گیانی لەدەستدابوو.
سوودانی رایگەیاند، ئەم هەنگاوە پابەندیی حکوومەت بە چەسپاندنی سەروەری یاسا لە تەواوی عێراق نیشان دەدات.
لای خۆیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن ستایشی هەوڵەکانی عێراقی کرد لە پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە. هاوکات پیرۆزبایی لە سودانی کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق بۆ یارییەکانی کۆتایی مۆندیال و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و فەرەنسا لە یەک کۆمەڵەدا ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە.