وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ترەمپ ئامادە نییە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز سازش بۆ ئێران بکات
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا نیازی نییە هیچ سازشێکی گەورە بۆ ئێران بکات لە بەرامبەر کردنەوەی گەرووی هورمزدا، بەڵکو واشنتن هەوڵ دەدات بە زووترین کات و بەبێ مەرجی زیادە، هاتوچۆی دەریایی لەو گەرووەدا دەست پێ بکاتەوە.
بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە، ئیدارەی ترەمپ تاوتوێی چەند پێشنیازێک دەکات، لەوانە رێکخستنی تێپەڕبوونی کەشتییەکان یان سەپاندنی هەندێک باج، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێکی کۆتایی لەسەر ئەو جۆرە رێککەوتنانە نەدراوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، واشنتن پێی وایە ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز دەبێت بێ هیچ بەربەستێک بێت، چونکە هەر سازشێکی فراوان بۆ تاران رەنگە هانی بدات لە داهاتوودا گەرووەکە وەک کارتی فشار بەکاربهێنێتەوە. ئێستا ئیدارەی ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی و کۆمپانیاکانی کەشتیوانی لە هەماهەنگیدایە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنی، لە کاتێکدا هاتوچۆی کەشتییەکان بەهۆی ترسی پێکدادانی سەربازییەوە زۆر کەم بووەتەوە.
داتاکانی کەشتیوانی لە ئەمڕۆ پێنجشەممەدا دەریدەخەن کە لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستەکەوە، هیچ کەشتییەکی نەوت یان غاز بە گەرووی هورمزدا تێنەپەڕیوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت رۆژی چوارشەممە ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی بڵاویکردەوە، تاران گەرووەکەی داخستووە و کەشتییەکی نەوتی گەڕاندووەتەوە کە ویستوویەتی تێپەڕ بێت.
داخستنی گەرووەکە لە لایەن ئێرانەوە وەک وەڵامێک بوو بۆ پەرەسەندنی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان. ئێران هەڕەشەی کشانەوەی لەو ئاگربەستە کردبوو کە لەگەڵ واشنتن پێی گەیشتبوو، بەڵام ترەمپ رایگەیاند؛ لوبنان بەشێک نەبووە لەو رێککەوتنە.
بەرەبەیانی چوارشەممە، بە ناوبژیوانی پاکستان، هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، گەیشتنە رێککەوتنێکی ئاگربەستی کاتی بۆ ماوەی دوو هەفتە، بە مەبەستی راگرتنی هێرشەکان و زەمینەسازی بۆ گفتوگۆی کۆتایی، بەڵام داخستنی گەرووی هورمز دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە و پاکستان داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکات.