ناتانیاهۆ: بە رێککەوتن یان بە شەڕ ئامانجەکانمان لە ئێران بەدیدەهێنین
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی شەڕ دژی ئێران دەکات وجەخت دەکاتەوە، ئاگربەست لەگەڵ تاران، حزبوڵڵای لوبنانی ناگرێتەوە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند،، لە ماوەی شەش هەفتەی رابردوودا وڵاتەکەی دەستکەوتی زۆر گەورەی بەدەستهێناوە و ئێران لە هەموو کاتێک لاوازتر بووە و ئیسرائیلیش لە هەموو کاتێک بەهێزترە.
ناتانیاهۆ هۆشداریدا، ئیسرائیل هێشتا ئامانجی ماوە تەواویان بکات و ئەوەش یان لە رێگەی رێککەوتنەوە دەبێت یان بە دەستپێکردنەوەی شەڕ. گوتیشی، "ئیسرائیل ئامادەیە لە هەر کاتێکدا شەڕ دەستپێبکاتەوە و پەنجەمان لەسەر پەلەپیتکەیە."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل روونیکردەوە، توانای مووشەکیی ئێران لەناوبراوە و کۆگاکانیشی خەریکە بەتاڵ دەبنەوە. باسی لەوەش کرد، زیانێکی گەورە بەر پرۆگرامی ئەتۆمیی تاران کەوتووە و سیستەمەکەی "چەندین ساڵ گەڕێندراوەتەوە دواوە."
سەبارەت بە ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران، ناتانیاهۆ گوتی، بە راوێژی ئیسرائیل بووە. لەسەر پرسی یۆرانیۆمی پیتێنراویش جەختیکردەوە، ئەو بڕەی لە ئێران ماوە، دەبێت بە تەواوی لەناوببرێت، یان بە رێککەوتن یان بە شەڕ، دووپاتیشی کردەوە، لەم پرسەدا لەگەڵ ئەمریکا هاوڕان.
خاڵێکی سەرەکیی گوتارەکەی ناتانیاهۆ تایبەت بوو بە حزبوڵای لوبنان. بە روونی رایگەیاند،، "ئاگربەست لەگەڵ ئێران، حزبوڵا ناگرێتەوە و ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە کردنەئامانجیان." هێرشەکانی رۆژی رابردووی بۆ سەر لوبنان بە "بەهێزترین هێرش لەدوای لێدانی پەیجەرەکانەوە" وەسفکرد.
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر چەندین ناوچەی لوبنان بوونە هۆی کوژران و برینداربوونی سەدان کەس. لە بەرانبەردا، نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، رایگەیاند، ئیسرائیل "گوێ بە هیچ هەوڵێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی نادات بۆ راگرتنی شەڕ،" داواشی لە "دۆستانی لوبنان" کرد یارمەتیی وڵاتەکەی بدەن بۆ راگرتنی هێرشەکان.