لەگەڵ گەیشتنی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆ سعوودییە؛ هێرشێکی درۆنی پووچەڵکرایەوە

گەیشتنی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆ سعوودییە (وێنە: ALASTAIR GRANT / AFP)
گەیشتنی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆ سعوودییە (وێنە: ALASTAIR GRANT / AFP)

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا جەخت لە گۆڕینی ئاگربەستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئاشتییەکی درێژخایەن دەکاتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 09ـی نیسانی 2026، کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتە عەرەبستانی سعوودییە و لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

کییەر ستارمەر لە سعوودییە رایگەیاند، هێنانەکایەی ئاگربەست لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە هۆکاری ئارامی دوای ماوەیەکی زۆر لە جەنگ، بۆیە دەبێت کاربکرێت ئەم ئاگربەستە بەردەوام بێت و ببێتە ئاشتییەکی درێژخایەن.

لەگەڵ گەیشتنی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆ سعوودیە، وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەرپەرچی نۆ درۆنیان داوەتەوە ئاراستەی وڵاتەکەیان کرابوون.

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە (8ی نیسانی 2026)، لە کاژێر 3:00ـەوە، ئاگربەستێکی دوولایەنەی 14 رۆژە لە نێوان ئەمریکا و ئێران چووە بواری جێبەجێکردنەوە. بڕیارە رۆژی هەینی، بە نێوەندگیریی پاکستان، گفتوگۆی راستەوخۆی هەردوو وڵات لە ئیسلامئابادی پایتەخت دەستپێبکات، بە مەبەستی واژۆکردنی رێککەوتنێکی ئاشتیی درێژخایەن.

جەنگی نێوان ئێران و بەرەی مقاوەمە لە عێراق، لوبنان و یەمەن لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکرد و نزیکەی 40 رۆژی خایاند. ئەم جەنگە بووە بەهۆی داخرانی تەنگەی هورمزەوە بۆ ماوەی پێنج هەفتە و لە ئەنجامدا قەیرانی ئابووریی ناوچەکەی گرتبووەوە، بەڵام راگەیاندنی ئەم ئاگربەستە، راستەوخۆ بووە هۆی بووژانەوەی بۆرسەکانی جیهان و دابەزینی نرخی نەوت.