راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: بەغدا رۆڵی هەبوو لە نزیککردنەوەی ئەمریکا و ئێران

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی رۆڵی هەبووە لە نزیککردنەوەی ئەمریکا و ئێران و پێشوازی لە رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 09ـی نیسانی 2026، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە پلاتفۆرمی "ئێکس" رایگەیاند، وڵاتەکەی پێشوازی لە هەوڵەکانی ئارامکردنەوەی دۆخەکە دەکات، ئەوەی بووە هۆکاری هێنانەکایەی ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێران.

قاسم ئەعرەجی ئاماژەی بەوەش دا، عێراق بەردەوام هەوڵی داوە دیدگەکان لێک نزیک بکاتەوە و شەڕ رابگیرێت، هەروەها دۆخەکە هێوربکرێتەوە.

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئەوەشی خستە روو، گفتوگۆ و دیپلۆماسی باشترین رێگەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دروستکردنی سەقامگیری، هەروەها روونیشی کردەوە، ئەمە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقە لە بەرانبەر ئاڵۆزییەکان.

لێدوانەکەی قاسم ئەعرەجی دوای ئەوە دێت، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە (8ی نیسانی 2026)، لە کاژێر 3:00ـەوە، ئاگربەستێکی دوولایەنەی 14 رۆژە لە نێوان ئەمریکا و ئێران چووە بواری جێبەجێکردنەوە. بڕیارە رۆژی هەینی، بە نێوەندگیریی پاکستان، گفتوگۆی راستەوخۆی هەردوو وڵات لە ئیسلامئابادی پایتەخت دەستپێبکات، بە مەبەستی واژۆکردنی رێککەوتنێکی ئاشتیی درێژخایەن.

جەنگی نێوان ئێران و بەرەی مقاوەمە لە عێراق، لوبنان و یەمەن لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکرد و نزیکەی 40 رۆژی خایاند. ئەم جەنگە بووە بەهۆی داخرانی تەنگەی هورمزەوە بۆ ماوەی پێنج هەفتە و لە ئەنجامدا قەیرانی ئابووریی ناوچەکەی گرتبووەوە، بەڵام راگەیاندنی ئەم ئاگربەستە، راستەوخۆ بووە هۆی بووژانەوەی بۆرسەکانی جیهان و دابەزینی نرخی نەوت.