سۆران.. لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە فڕێدانی ئاژەڵی مرداربوو بۆ ناو رووباری ئاکۆیان پێکدەهێنرێت

بەهۆی فڕێدانی ئاژەڵی مرداربوو، بۆ ناو رووباری ئاکۆیان فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لیژنەیەکی تایبەت پێکدەهێنێت.

هەژار عەبدولڕەحمان، بەرپرسی فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەمڕۆ هەینی، 10ـی نیسانی 2026، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لەلایەن هاووڵاتییانەوە ئاگادار کراینەوە لاشەی مرداربووی ئاژەڵیان خستووەتە نێو رووباری ئاکۆیان، کە سەرەتای خەرندە و رواندز دەکات.

هەژار عەبدولڕەحمان گوتیشی: پەیوەنیدمان بە شارەوانیی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی رەواندزەوە کردووە و رۆژی یەکشەممە لیژنەیەکی تایبەت پێکدێت بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و ئەنجامدەرانی بەتوندترین شێوە سزابدرێن.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، لە وەرزی بەهاردا ژمارەیەکی زۆری گەشتیار سەردانی ئەو شوێنە دەکەن، بۆیە زیانێکی زۆر بە ژینگەی شوێنەکە گەیشتووە، هاوکات سەرچاوەی ئاوی سەرەکییە بۆ مەڕ و ماڵات و ئاژەڵان، بۆیە فڕێدانی دەبێتە هۆی تووشبوون بە چەندین نەخۆشی ڤایرۆسی و بڵاوبوونەوەی تێیدا.

باسی لەوەش کرد، ئەگەر زوو رێگری لەم کارانە ناکرێت دەبێتە بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆش لەنێو خەڵکیدا بەتایبەتی کۆلێرا و تای سکچوون و هەروەها دەبێتە هۆی مردنی ماسی و زیندەوەرە ئاوییەکان پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکان ئه‌م پیس بوونه‌ تەنها مرۆڤ ناگرێتەوە، بەڵکو ئەو ئاژەڵ و باڵندانەی تر کە لەو ئاوە دەخۆنەوە تووشی نەخۆشی و مردن دەبن. 

بەرپرسی فەرمانگەی ژینگەی سۆران جەختی لەوە کردەوە، بەگوێرەی یاسایی 41 و 42ـی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگە، ژمارە هەشتی ساڵی 2008، ئەو کەسانەی دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە بە توندین شێوە سزادەدرێن، سزاکەش لە 150 هەزار دیناری عێراقی دەستپێدەکات تا 200 ملیۆن دینار.