ستارمەر و ترەمپ پلانی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ گەرووی هورمز تاوتوێ دەکەن
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ئاشکرای کرد، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز. جەختی کردەوە کە هەردوو وڵات خەریکی داڕشتنی پلانێکی سیاسی و سەربازیی هاوبەشن بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی هاتوچۆ لەو رێڕەوە ستراتیژییەدا
هەینی 10ـی نیسانی 2026، کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پرسی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز و دابینکردنی توانای سەربازی و لۆجستیی پێویستیان بۆ ئەو رێڕەوە ستراتیژییە تاوتوێ کردووە.
ستارمەر لە میانی سەردانەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرای کرد، کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا کە رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ ترەمپ ئەنجامیداوە، جەختیان لەسەر دروستکردنی هاوپەیمانییەک لە وڵاتانی جیهان کردووەتەوە. گوتیشی: ئێمە کار لەسەر پەرەپێدانی پلانێکی سیاسی و دیپلۆماسی دەکەین، هاوکات خەریکی لێکۆڵینەوەین لە تواناکانی سەربازی و ئەو کاروبارانە لۆجستیانەی کە پێویستن بۆ ئەوەی کەشتییەکان بتوانن بە سەلامەتی بە گەرووەکەدا تێپەڕبن.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم بابەتە تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانی بووە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا و ئامانج لێی داڕشتنی پلانێکی کردەیی و گشتگیرە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی، بەڵام وردەکاریی زیاتری دەربارەی جۆری ئەو هێزە سەربازییانە نەخستە روو کە بڕیارە لە ناوچەکە جێگیر بکرێن.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، ستارمر راستەوخۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی نەدایەوە کە ئایا لەگەڵ ترەمپ باسی هەڕەشەکانی ئەمریکای کردووە بۆ کشانەوە لە ناتۆ، بەڵام بەرگرییەکی توندی لەو هاوپەیمانییە کرد. ستارمەر گوتی: "ناتۆ هاوپەیمانییەکی بەرگرییە کە سوودی گەورەی بۆ هەردوو لایەنی ئەتڵەسی ئەمریکا و ئەوروپا هەبووە و لە ماوەی چەندین دەیەی رابردوودا ئاستی ئاسایشی ئێمەی زۆر بەرز کردووەتەوە، بە جۆرێک کە بێ ئەو هاوپەیمانییە نەماندەتوانی ئەو سەقامگیرییەمان هەبێت."