ترەمپ: کەشتییە جەنگییەکانمان پڕ دەکەینەوە

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند هێزە دەریاییەکانیان خەریکی بارکردنی پێشکەوتووترین تەقەمەنی و چەکن بۆ نێو کەشتییە جەنگییەکان تاوەکو لە ئەگەری شکستی دانوستانەکانی پاکستان، هێرشی وێرانکەر بکەنە سەر ئێران. ترەمپ جەختی کردەوە کە لە 24 کاتژمێری داهاتوودا راستی بنەمای دانوستانەکان و نیازپاکی ئێرانییەکان دەردەکەوێت

هەینی 10ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ نیویۆرک پۆست هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند، هێزە دەریاییەکانی وڵاتەکەی خەریکی بارکردنی باشترین و پێشکەوتووترین تەقەمەنی و چەکن بۆ نێو کەشتییە جەنگییەکان، تاوەکو لە ئەگەری شکستی دانوستانەکان لە پاکستان، دەستبەجێ هێرشە وێرانکەرەکانیان بۆ سەر ئێران دەستپێبکەنەوە.

ترەمپ، سەبارەت بە ئەگەری سەرکەوتنی دانوستانەکان گوتی: ئێمە تاوەکو 24 کاتژمێری  داهاتوو راستییەکانمان بۆ دەردەکەوێت و بەم زووانە دەزانین چی روودەدات.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە ئامادەباشیی سەربازیی وڵاتەکەی کردەوە و رایگەیاند، ئێمە خەریکی خۆئامادە کردنین. کەشتییەکانمان بە باشترین تەقەمەنی و باشترین چەک کە تاوەکو ئێستا دروستکرابن پڕ دەکەینەوە؛ بگرە زۆر باشتر و پێشکەوتووتر لەو چەکانەی پێشتر بەکارمانهێنا و وردوخاشمان کردن؛ گوتیشی: ئەگەر نەگەینە رێککەوتن، ئەو چەکانە بەکاردەهێنین و بە شێوەیەکی زۆر کاریگەریش بۆ وێرانکاریی تەواوەتی بەکاریان دەهێنین.

سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، تۆ مامەڵە لەگەڵ کەسانێک دەکەیت کە نازانیت راست دەڵێن یان نا. لە بەرانبەرماندا و روو بە ڕوو دەڵێن تەواوی چەکە ئەتۆمییەکان لادەبەین و هەموو شتێک کۆتایی هاتووە، بەڵام دواتر دەچنە لای میدیاکان و دەڵێن: نا، دەمانەوێت یۆرانیۆم بپێێێنین. بۆیە ئێمە تاقییان دەکەینەوە.

ئەم لێدوانانەی ترەمپ تەنها چەند ساتێک دوای بەڕێکەوتنی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دێت بەرەو ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان. ڤانس لەوێ لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەت و جارێد کوشنەر، راوێژکاری باڵا، تیمی ئەمریکا پێکدەهێنن بۆ یەکلاکردنەوەی دانوستانەکان دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە هەردوولا لەسەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی رێککەوتن.