ترەمپ: ئێران هیچ کارتێکیان بەدەستەوە نییە

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رایگەیاند کە تاران هیچ کارتێکی فشاری بەدەستەوە نییە و تاکە هۆکاری مانەوەیان تاوەکو ئێستا تەنیا بۆ مەبەستی دانوستانە. گوتیشی: "تاران لە چەواشەکاریی میدیایی و پەیوەندییە گشتییەکاندا زۆر شارەزاترە وەک لەوەی لە مەیدانی جەنگدا یاریزانێکی بەهێز بێت".

هەینی 10ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نووسیویەتی: وا دیارە ئێرانییەکان درک بەوە ناکەن کە هیچ کارتێکیان بەدەستەوە نییە، جگە لەو سەرانەوەرگرتنە کورتخایەنەی جیهان کە لە رێگەی رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانەوە ئەنجامی دەدەن.

ترەمپ جەختی کردەوە کە تاکە هۆکار کە وای کردووە تاوەکو ئێستا بە زیندوویی بمێننەوە، تەنیا بۆ دانوستانە.

لە پەیامێکی دیکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تاران زیاتر لە رووی میدیاییەوە شارەزایە نەک مەیدانی. ترەمپ نووسیویەتی: "ئێرانییەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ میدیا چەواشەکارەکان و 'پەیوەندییە گشتییەکان'دا زۆر باشترن وەک لەوەی لە شەڕکردندا باش بن."