شەھباز شەریف: واشنتن و تاران ئامادەی رێککەوتنن

سەرۆکوەزیرانی پاکستان، ئاشکرای کرد کە ئەمریکا و ئێران ئامادەیی تەواویان نیشانداوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی؛ هەروەها ئەم قۆناغەی بە چارەنووسساز بۆ ئاییندەی ئاسایشی ناوچەکە وەسف کرد

هەینی 10ـی نیسانی 2026، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەیی تەواویان نیشانداوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی. ئاشکرای کرد شاندە فەرمییەکانی هەردوو وڵات سبەی شەممە لە شاری ئیسلام ئاباد دەست بە دانوستانی راستەوخۆ دەکەن بە مەبەستی گۆڕینی ئاگربەستە کاتییەکە بۆ ئاشتییەکی بەردەوام.

سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا جەختی کردەوە، وڵاتەکەی هەموو تواناکانی دەخاتە گەڕ بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە و گوتی: هەردوو لایەنی ململانێکە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە کێشەکانیان لە رێگەی گفتوگۆ چارەسەر بکەن.

 شەریف ئەم قۆناغەی ئێستای گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و تارانی بە چارەنووسساز وەسف کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکەوتنی ئەم دانوستانانە ئاییندەی ئاسایشی ناوچەکە دیاری دەکات.

لە واشنتنەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بە فەرمی بەرەو پاکستان بەڕێکەوت تاوەکو سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی بکات لەم خولە یەکلاکەرەوەیەدا. بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئەسۆوشیەیتید پرێس، ڤانس پێش بەڕێکەوتنی رایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ ڕێنمایی و روونکردنەوەی زۆر روون و دەستوورکاری توندی پێداون دەربارەی ئەو رێڕەوەی کە دەبێت لە دانوستانەکانی ئیسلام ئاباددا پەیڕەوی بکەن.

چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، لە پەیامێکدا رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ تەواوی هاوپەیمانەکانیان، لەسەر ئاگربەستێکی گشتگیر و دەستبەجێ رێککەوتوون.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە سبەی شەممە یەکەم دانوستانی راستەوخۆ لە نێوان شاندی ئێران و ئەمریکا بە بەشدارەیی قالیباڤ و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە ئیسلام ئاباد بەڕێوە بچێت.