بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز قەیرانێکی سەختی سووتەمەنی فڕۆکە ئەوروپای گرتووەتەوە

لە کاتێکدا ناوچەکە لەژێر سایەی ئاگربەستێکی کاتیی دوو هەفتەییدایە، بەریتانیا ئامادەکاری بۆ جووڵەیەکی دیپلۆماسیی نوێ دەکات بۆ شکاندنی گەمارۆی سەر گەرووی هورمز. هاوکات ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی فڕۆکەخانەکان لە ئەوروپا هۆشدارییەکی توند دەدات کە تەنیا سێ هەفتە دەرفەت ماوە پێش ئەوەی سووتەمەنی فڕۆکە لە کیشوەرەکەدا تەواو ببێت.

هەینی 10ـی نیسانی 2026، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای بەریتانیاوە بڵاویکردەوە، لەندەن هەفتەی داهاتوو خولێکی نوێی گفتوگۆ لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئەنجام دەدات. ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوانە، کە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا سەرپەرشتی دەکات، دۆزینەوەی رێگەیەکە بۆ دەستپێکردنەوەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بەبێ ئەوەی وڵاتان ناچار بن باج یان سەرانە بە ئێران بدەن.

ئەم بەرپرسە، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بەوە کردووە، گفتوگۆکان کۆمەڵێک رێکاری ئابووری و سیاسیی هاوئاهەنگ دەگرنەوە، لەوانەش سەپاندنی سزای نوێ و دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ ئازادکردنی ئەو هەزاران کەشتی و دەریاوانەی کە لە ماوەی 40 رۆژی جەنگدا لەناو گەرووەکەدا گیریان خواردووە.

لە لایەکی دیکەوە، ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی فڕۆکەخانەکان لە ئەوروپا (ACI Europe) کە نوێنەرایەتی 600 فڕۆکەخانە لە 50 وڵات دەکات، هۆشدارییەکی مەترسیداریی ئاراستەی کۆمیسیۆنی ئەوروپا کردووە. بەپێی نامەیەکی فەرمی کە ئاژانسی فرانس پرێس بە دەستی گەیشتووە، ئەنجوومەنەکە رایگەیاندووە، ئەگەر لە ماوەی سێ هەفتەی داهاتوودا کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بە شێوەیەکی جێگیر و کارا دەستپێنەکاتەوە، ئەوا نەمانی گشتگیری سووتەمەنی فڕۆکە لە یەکێتیی ئەوروپا دەبێتە راستییەکی تاڵ

ئەم دامەزراوە ئەوروپییە داوای چاودێرییەکی بەپەلەی کردووە بۆ بڕی سووتەمەنی لە شەش مانگی داهاتوودا، چونکە داخستنی گەرووەکە لە لایەن ئێرانەوە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخەکان. جێی ئاماژەیە کە %20ـی بەرهەمهێنانی نەوت و نەوتی سپی و غازی جیهان بەم رێڕەوەدا تێدەپەڕێت.

سەرەڕای ئاگربەستە کاتییەکە، جەنگەکە زیانی زۆری بە کەرتی گواستنەوەی ئاسمانی گەیاندووە. نرخی نەوتی سپی بە رێژەیەکی زۆر زیاتر لە نەوتی خاو بەرزبووەتەوە، ئەمەش وایکردووە زۆربەی کۆمپانیاکانی فڕین لە جیهاندا نرخی بلیتی گەشتەکانیان گران بکەن یان بەشێک لە گەشتەکانیان بەهۆی نەبوونی قازانج و مەترسییە ئەمنییەکانەوە رابگرن.

ئەم دوو پێشهاتە هاوکاتن لەگەڵ دەستپێکردنی دانوستانە راستەوخۆکانی ئەمریکا و ئێران لە پاکستان، کە جیهان هیوای وایە ببێتە مایەی کردنەوەی هەمیشەیی گەرووەکە و رزگارکردنی ئابووریی جیهانی لە قەیرانێکی وێرانکەری وزە.