ترەمپ: گەرووی هورمز بە رێککەوتن بێت یان بێ رێککەوتن دەکرێتەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوێنێ هەینی لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند؛ گەرووی هورمز "بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران بێت یان بەبێ رێککەوتن، دووبارە دەکرێتەوە".
ئەم لێدوانانەی ترەمپ بۆ ڕۆژنامەنووسان لە کاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ گەڕێکی نوێی دانوستانەکان لە نێوان واشنتن و تاران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان دەستپێبکات. ئەم کۆبوونەوەیە دوای 40 رۆژ لە گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکە دێت و ترەمپ هیوای سەرکەوتنی بۆ وەفدی وڵاتەکەی لەو دانوستانانەدا خواست.
بەگوێرەی زانیارییەکان، شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جەی دی فانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەبێت و هەریەکە لە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەت و جارید کۆشنەر ئەندامی شاندەکەن.
لە بەرامبەردا، شاندی ئێران بە سەرۆکایەتی محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامی دەبێت، کە هەریەکە لە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە، عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی و عەبدولناسر هیمەتی پارێزگاری بانکی ناوەندیی یاوەری دەکەن.
ترەمپ جەختی کردەوە، ئەمریکا کار دەکات بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز لە زووترین کاتدا و گوتیشی: "واشنتن پێویستی بە هیچ پلانێکی جێگرەوە (Plan B) نییە بۆ ئەم پرسە".
سەرۆکی ئەمریکا مەرجی سەرەکی وڵاتەکەی بۆ کردنەوەی گەرووەکە ئاشکرا کرد و رایگەیاند؛ پێویستە ئێران بە تەواوی پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت. هەروەها گوتیشی: "رێگە نادەین ئێران هیچ جۆرە باج و رەسمێک بەسەر کەشتییەکاندا بسەپێنێت لە کاتی تێپەڕبوونیان بە گەرووەکەدا، و رێگریش دەکەین لەوەی ببێتە هۆکار بۆ پەکخستنی هاتوچۆی دەریایی لەو رێڕەوە گرنگەدا."