گۆتێرێز داوای رێککەوتنێکی هەمیشەیی لە ئەمریکا و ئێران دەکات

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان

پێش دەستپێکردنی دانوستانە چاوەڕوانکراوەکانی نێوان واشنتن و تاران لە پاکستان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە ئەمریکا و ئێران کرد "هەوڵێکی راستەقینە بدەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ ململانێکان".

ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی هەینی رایگەیاند: "پێویستە هەردوولا گفتوگۆکانی پاکستان وەک دەرفەتێک بەکاربهێنن بۆ مامەڵەکردن بە نیازپاکی، بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێکی هەمیشەیی و گشتگیر کە ئامانج لێی هێورکردنەوەی گرژییەکان و رێگریکردن بێت لە گەڕانەوە بۆ کردەوە دوژمنکارییەکان".

بڕیارە ئەمڕۆ دانوستانەکان لە شاری ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان دەستپێبکەن. بەگوێرەی زانیارییەکان، جەی دی فانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکەی دەکات، لە بەرامبەردا محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکەی دەکات.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، شاندێکی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتی قالیباف گەیشتوونەتە ئیسلام ئاباد، کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای تاران لەناو شاندەکەدا بەشدارن، ئەمەش نیشانەی گرنگی کۆبوونەوەکەیە بۆ لایەنی ئێرانی.