لە کاتی گواستنەوەی شێلی کیتڵسۆن لە عێراقەوە بۆ ئەمریکا چی روویدا؟

لە ساتەوەختێکی هەستیاری گواستنەوەی "شێلی کیتڵسۆن"، ئەو رۆژنامەنووسە ئەمریکییەی دوای هەفتەیەک لە رفاندنی لەلایەن کەتائیبی حیزبوڵڵاوە ئازاد کرا، درۆنێک لە ناو جەرگەی فڕۆکەخانەی بەغدا و لە نزیک ئەو تیمە دیپلۆماتییەی هاوەڵی شێلی-یان دەکرد، کەوتە خوارەوە. ئەم رووداوە کە تەنیا 50 مەتر لە تیمە ئەمریکییەکەوە دوور بووە، هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی دانوستانە چاوەڕوانکراوەکانی نێوان واشنتن و تاران و وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاگربەستە کاتییەکە دەبینرێت.

بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی عێراقی بە ئاژانسی فرانس پرێس (AFP)ی راگەیاند، ئەم هێرشە لە کاتێکدایە گرووپە چەکدارە لایەنگرەکانی ئێران تەنیا چەند کاتژمێرێک پێشتر رایانگەیاندبوو؛ بەهۆی ئاگربەستێکی کاتی لە نێوان ئەمریکا و ئێران، چالاکییە سەربازییەکانیان رادەگرن. بەڵام کەوتنی درۆنەکە ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ شکانی ئەو ئاگربەستە و هەوڵدان بۆ تێکدانی کەشی پێش دانوستانەکان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هاتە دەنگ و باڵیۆزی عێراقی لە واشنتن بانگهێشت کرد و بەتوندی سەرۆکەنی کرد و پێی راگەیاند؛ عێراقتان پێ بەڕێوە نابرێت بابزانین؟ و دواتر لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، ئەمریکا نیگەرانی خۆی لەو بۆسەیە دەربڕی کە لە 8ـی نیسان بۆ دیپلۆماتکارەکانی و تیمی گواستنەوەی شێلی کیتڵسۆن دانرابوو، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی واشنتن ئەم جۆرە جووڵانە وەک هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر پرۆسە دیپلۆماسییەکان دەبینێت.

لەو کاتەوەی جەنگی ناوچەیی لە 28ـی  شوباتی رابردوو هەڵگیرساوە، بنکە دیپلۆماتی و لۆجستییەکانی ئەمریکا لە عێراق بەردەوام لەژێر هەڕەشەی مووشەک و درۆندا بوون. چاودێرانی سیاسی پێیان وایە توندبوونەوەی ئەم هێرشانە لەم کاتەدا، فشارێکی سیاسییە بۆ سەر مێزی دانوستانەکان کە بڕیارە لە نێوان تاران و واشنتن ئەنجام بدرێت.

سەرچاوە ئەمنییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشەکە بووە هۆی دواکەوتنی گەشتی رۆژنامەنووسە ئەمریکاییەکە بۆ دەرەوەی وڵات، بەڵام دواجار توانراوە بە سەلامەتی بگوازرێتەوە. ئێستا چاوەکان لەسەر ئەوەن ئایا ئەم گرژییە نوێیەی بەغدا کاریگەریی نەرێنی لەسەر کاتی دەستپێکردنی دانوستانە سیاسییە گەورەکان دەبێت یان نا.

رۆژی سێشەممە 7ـی نیسانی 2026، لە راگەیەندراوێکدا؛ لەژێر ناوی "بەرپرسی ئەمنیی ئەبو موجاهید عەساف" بڵاوکراوەتەوە، هاتووە "وەک پێزانینێک بۆ هەڵوێستە نیشتمانییەکانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیارمان دا بە ئازادکردنی رۆژنامەنووسێکی ئەمریکی شێلی کیتڵسۆن، بەو مەرجەی دەستبەجێ وڵات جێبهێڵێت."

لە راگەیەندراوەکەدا هۆشداری دراوە کە ئەم جۆرە دەسپێشخەرییانە لە داهاتوودا دووبارە نابنەوە و ئاماژە بەوە کراوە، "ئێمە لە دۆخی جەنگداین لە بارودۆخی وەهاشدا زۆرێک لە ڕەچاوکردنەکان (ئیعتیبارات) نامێنن."

ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییە لە ماوەی ڕابردوودا دەنگدانەوەی زۆری لە میدیاکان و ناوەندە سیاسییەکاندا دروست کردبوو.

رۆژی سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە ئاگاداری هەواڵی رفاندنی رۆژنامەنووسێکی ئەمریکیین لە بەغدا، پێشتریش ئەرکی خۆمان جێبەجێ کردووە لە ئاگادارکردنەوەی ئەو کەسە سەبارەت بەو هەڕەشانەی لەسەری بووە، ئێستاش لەگەڵ نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) بەردەوامین لە هەماهەنگی بۆ دڵنیابوون لە ئازادکردنی لە زووترین کاتدا."

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ "کەسێک کە پەیوەندی بە گرووپی کەتائیبی حیزبوڵڵای نزیک لە ئێران هەیە و وا بڕوا دەکرێت لە رفاندنەکەدا تێوەگلابێت، لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە دەستبەسەر کراوە."

لەلای خۆیەوە، شێلی کیتڵسۆن، لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا، کیتڵسۆن خۆی وەک رۆژنامەنووسێکی سەربەخۆ و هاووڵاتییەکی ئەمریکی دەناسێنێت کە نیشتەجێی ئیتاڵیایە و لە ساڵی 2015ـەوە لە عێراق کار دەکات. ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە پێشتر لە ئەفغانستان، ئۆکرانیا و سووریاش کاری کردووە و پەیوەندیی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەبووە.