پەرلەمانتارێکی حزبوڵڵا: دانوستانی راستەوخۆی لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل پێشێلکردنی دەستوورە
حەسەن فەزلوڵڵا پەرلەمانتاری حزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، پارتەکەی دانوستانە راستەوخۆکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل رەتدەکاتەوە.
دوێنێ هەینی، جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان رایگەیاند، ئەم هەفتەیە دەچێتە واشنتن بۆ دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل، لەوبارەوە حەسەن فەزلوڵڵا پەرلەمانتاری حزبوڵڵا لە راگەیەندراوێکدا ئاشكرای کرد، ئەو هەنگاوە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای پەیمانی نیشتمانی و دەستوور و یاساکانی لوبنان و دەستکاریکردنی چارەنووس و داهاتووی وڵاتەکەیە".
ئەو پەرلەمانتارە هۆشداریشی دا لەوەی، ئەم کردارە دەبێتە هۆی دابەش بوونی ناوخۆیی، لەکاتێکدا لوبنان زۆر پێویستی بە هاودەنگی و یەکڕیزی ناوخۆیی هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل و پاراستنی ئاشتی مەدەنی و پێکەوەژیانی گەلەکەی.
نووسینگەی جۆزێف عۆن سەرۆکی لوبنان بڵاویکردەوە، رۆژی هەینی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان باڵیۆزانی لوبنان و ئیسرائیل لە واشنتن و باڵیۆزی ئەمریکا لە لوبنان کراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "لە کاتی پەیوەندییەکەدا رێککەوتنێک کراوە بۆ ئەنجامدانی یەکەمین کۆبوونەوە لە رۆژی سێشەممەی داهاتوو لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ تاوتوێکردنی راگەیاندنی ئاگربەست و وادەی دەستپێکردنی دانوستانەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل لەژێر چاودێری ئەمریکادا."
جۆزێف عۆن چەندین جار ئامادەیی خۆی بۆ دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل دەربڕیبوو لەو کاتەوەی لوبنان خزێنرایە نێو ململانێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای ئەوەی حزبوڵڵای لوبنان لە 2ـی ئازداردا مووشەکەکانی بەرەو ئیسرائیل هەڵدا، ئەمەش بووە هۆی هێرشی ئاسمانی و زەمینی ئیسرائیل بۆسەر باشووری لوبنان و بەیرووت.