لالیگا: هیچ دیمەنێکمان نەبینیوە کە ئێمباپێ خوێناوی بووبێت

ریاڵ مەدرید
ریاڵ مەدرید

لە یارییەکەی نێوان ریاڵ مەدرید و جیرۆنا لە گەڕی 31ـی خولی ئیسپانیا، مشتومڕێکی زۆر لەسەر دیمەنێک لە خولەکی 89 دروستبووە، زۆرێک پێیانوایە ئەو لێدانەی بەرگریکاری جیرۆنا، دەبوو لەلایەن ناوبژیوان لێدانی سزا هەژمار بکرێت.

لەو یارییە بە دیاریکراوی لە خولەکی 89:13 بەرگریکاری یانەی جیرۆنا، بە ئانیشک لە دەم و چاوی کیلیان ئێمباپێ دەدات و رێگری لێدەکات بۆ ئەوەی مەترسی لەسەر گۆڵەکەی دروست بکات. یاریزانانی مێرنگی پێیانوابوو لێدانە سزای پێناڵتیە بەڵام نابژیوانی یارییەکە بەبێ گەڕانەوە بۆ ڤار، ئەو داوایەی یاریزانانی یانە شاهانەکەی رەتکردەوە.

دوای یارییەکە وێنەیەک بڵاوبووتەوە کە بەهۆی ئەو لێدانە سەری کیلیان ئێمباپێ شکاوە و خوێنێکی زۆر لێچووە، بەڵام لە کاتی پیشاندانەوەی دیمەنەکە لە رێگەی کامێرای یاریگا، هیچ دیمەنێکی خوێناوی دیار نابێت، ئەمەش گومانی خستووەتە سەر ئەو دیمەنە.

رۆژنامەی وەرزشی ئاسی ئیسپانی بڵاویکردەوە، دەنگۆیەک هەبوو گوایە لالیگا دیمەنی خوێناوی بڵاوناکاتەوە، بەڵام بەرپرسانی لالیگا بڵاویان کردووەتەوە ئەو دەنگۆیانە راست نین و لە کاتی پیشاندانی چارەسەر کردنی ئێمباپێ، تەنها گۆشەیەکیان هەبووە و لەو گۆشەیەش بەهۆی دەستی پزیشکی یانەکە هیچ شتێک روون نیە.