هەرێمی کوردستان.. قوتابییان دەگەڕێنەوە بەشەناوخۆییەکانیان

سبەی دەوام لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن دەست پێدەکاتەوە و ئەمڕۆش قوتابییان دەگەڕێنەوە بەشەناوخۆییەکانیان. 

ئەمڕۆ شەممە، 11ـی نیسانی 2026، سامان عەبدوڵڵا، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین بە کوردستان24ـی گوت: تەواوی بەشەناوخۆییەکانی زانکۆکە ئامادەکارییان کردووە، لە ئەمڕۆ کاتژمێر 9ـی بەیانییەوە دەرگای بەشەناوخۆییەکانی کچان و کوڕان کراوەن و قوتابییان دەتوانن بگەڕێنەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، بەڕێوەبەری بەشەناوخۆییەکان راسپێدراون تەواوی ئامادەکارییەکانیان بکەن و بە باشترین شێوە لە پێشوازی قوتابییان دابن.

ئەم گەڕانەوەی قوتابییانیش بۆ بەشەناوخۆییەکانم دوای ئەوە دێت، هەینی، 10ـی نیسانی 2026، هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، بڕیاری دەستپێکردنەوەی دەوامیان لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن دا.