جەی دی ڤانس: دانوستان لەگەڵ ئێران بێ ئەنجام کۆتایی هات

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی نیسانی 2026، جەی دی ڤانس کۆتاییهاتنی دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران بەبێ گەیشتن بە هیچ رێککەوتنێک راگەیاند، هاوکات شاندی ئەمریکاش پایتەختی پاکستانیان بەرەو واشنتن جێهێشت.

جەی دی ڤانس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان رایگەیاند: "شاندەکانی واشنتن و تاران بۆ ماوەی 21 کاتژمێر دانوستانیان کرد، بەڵام نەگەیشتنە ڕێککەوتنێکی وا کە جێگەی رەزامەندی هەردوولا بێت." ڤانس ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان وەک لایەنی ئەمریکی باشترین پێشنیازیان پێشکەش بە لایەنی ئێرانی کردووە، بەڵام رەتیکردەوە وردەکاری زیاتری ناوەڕۆکی پێشنیازەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات.

ڤانس جەختی کردەوە، ئێران بڕیاریداوە مەرجەکانی ئەمریکا قبوڵ نەکات و گوتی: "دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران تێکدراون، بەڵام لایەنی ئێرانی بەڵێنی راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەداوە و هیچ پابەندییەکی دڵنیامان لێ نەبیستوون سەبارەت بە چەکی ئەتۆمی."

لەلایەکی دیکەوە، میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە چاوچنۆکییەکانی ئەمریکا رێگر بووە لەوەی هەردوولا بگەنە رێککەوتنێکی هاوبەش.

سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکاری ئێران رایگەیاند: "ئێران هیچ پلانێکی بۆ خولی داهاتووی دانوستانەکان نییە." هەروەها تیمی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی تەنیا "بەدوای بیانوودا گەڕاون بۆ جێهێشتنی مێزی دانوستان" و ئامادە نەبوون ئاستی داواکارییەکانیان کەم بکەنەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری پاکستانی کە چاودێری کۆبوونەوەکانی کردووە، "رەوشی گفتوگۆکانی بە پڕ لە گرژی و هەڵبەز و دابەز وەسف کرد." بە وتەی سەرچاوەکە، کەشی کۆبوونەوەکان لە نێوان "توندبوونەوە و ئارامیدا" بووە، تا دواجار شاندە ئەمریکییەکە بەبێ رێککەوتن کۆتایی بە دیدارەکان هێنا و بەرەو واشنتن گەڕایەوە.