ترەمپ گەمارۆی دەریایی دەخاتە سەر ئێران
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی بەکارهێنانی فشارێکی توند دەکات لە دژی ئێران و رایگەیاند؛ لە ئەگەری رەتکردنەوەی پێشنیازەکانی واشنتن لەلایەن تارانەوە، پەنا بۆ گەمارۆی دەریایی گشتگیر دەبات.
ترەمپ لە رێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیاڵ میدیای "تروس سۆشیاڵ"، ئاماژەی بەوە کرد، گەمارۆی دەریایی ئەو "کارتە براوەیە" کە لە دەستی دایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران ئەگەر نەیەتە ژێر باری مەرجەکانی ئەمریکا. ترەمپ ڤیدیۆی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی بڵاوکردووەتەوە تێیدا باس لە کاریگەرییەکانی ئەم جۆرە گەمارۆیە دەکرێت وەک ئامرازێکی یەکلاکەرەوە.
ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای ئەوە دێن گەڕی کۆتایی دانوستانەکان لەگەڵ لایەنی ئێرانی لە ئیسلام ئاباد بەبێ گەیشتن بە هیچ رێککەوتنێک کۆتایی هات. لەم بارەیەوە، جی دی فانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "واشنتن لە هێڵە سوورەکانی خۆی پاشەکشە ناکات و ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێراندایە."
ئەو بەرنامە تەلەفزیۆنییەی ترەمپ پشتڕاستی کردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەدات، ترەمپ پێشتریش ستراتیژییەکی هاوشێوەی دژی نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی ڤەنزوێلا بەکارهێناوە، تێیدا لە رێگەی گەمارۆی دەریاییەوە ئابووریی ئەو وڵاتەی ئیفلیج کرد و داهاتی نەوتی لێ بڕین.
بە گوێرەی شرۆڤەی بەرنامەکە، ئەگەر ئێران رێککەوتنی کۆتایی رەت بکاتەوە، ترەمپ رەنگە پەنا بۆ بژاردەی سەربازی و بۆردومانکردنی تاران ببات، یان ستراتیژی گەمارۆی دەریایی بەکاربهێنێت بۆ خنکاندنی ئابووری ئێران و بڕینی هەناردەی نەوت بۆ وڵاتانی وەک چین و هیندستان، ئەمەش فشارێکی دیپلۆماسی گەورە لەسەر ئەو وڵاتانە دروست دەکات.
کەشتیی فڕۆکەهەڵگری زەبەلاحی "یو ئێس ئێس جێرالد فۆرد" (USS Gerald Ford) کە پێشتر سەرپەرشتی گەمارۆی ڤەنزوێلای کردبوو، گەیشتە ئاوەکانی ناوچەی کەنداو و پەیوەندیی بە کەشتیی "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن" و هێزە دەریاییەکانی دیکەی ئەمریکاوە کرد. شارەزایان پێیان وایە ئەم جوڵانە ئاماژەیەکن بۆ ئەوەی ترەمپ دەیەوێت بە گەمارۆیەکی دەریایی، کۆنترۆڵی ئێران بەسەر "گەرووی هورمز"دا تێکبشکێنێت و تاران ناچاری پاشەکشە بکات.