ئوسترالیا داوای درێژکردنەوەی ئاگربەستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
ئوستراڵیا داوادەکات پارێزگاریی لە ئاگربەستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت، ئەگەر چی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران بەبێ رێککەوتن کۆتایی هات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی نیسانی 2026، پێنی وونگ وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا، داوای پاراستنی ئاگربەست لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، ئەمەش دوای ئەوەی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئاباد بەبێ رێککەوتن کۆتایی هات.
پێنی وۆنگ گوتیشی، دەبێت لە ئێستا کاری لە پێشینە بەردەوامبوونی ئاگربەست و گەڕانەوە بۆ دانوستانەکان بێت، ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆتایی هاتنی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد لەنێوان ئەمریکا و ئێران بەبێ رێککەوتن نائومێدکەرە.
دوێنێ شەممە، 11ـی نیسانی 2026، لەسەر داوای پاکستان، دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لە ئیسلام ئاباد بەڕێوەچوو، کە دوای چەند گەرێک لەدانیشتن نەگەیشتنە رێککەوتن، بۆیە هەردوو شاندەکە ئیسلام ئابادیان جێهێشت و گەڕانەوە وڵاتەکانیان.
لەوبارەوە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا پێش ئەوەی پاکستان جێبهێڵێت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "شاندەکانی واشنتن و تاران بۆ ماوەی 21 کاتژمێر دانوستانیان کرد، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتنێکی وا کە جێگەی رەزامەندی هەردوولا بێت." ڤانس ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان وەک لایەنی ئەمریکی باشترین پێشنیازیان پێشکەش بە لایەنی ئێرانی کردووە، بەڵام رەتیکردەوە وردەکاری زیاتری ناوەڕۆکی پێشنیازەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات.
ڤانس جەختی کردەوە، ئێران بڕیاریداوە مەرجەکانی ئەمریکا قبوڵ نەکات و گوتی، "دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران تێکدراون، بەڵام لایەنی ئێرانی بەڵێنی راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەداوە و هیچ پابەندییەکی دڵنیامان لێ نەبیستوون سەبارەت بە چەکی ئەتۆمی."
لەلایەکی دیکەوە، میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە چاوچنۆکییەکانی ئەمریکا رێگر بووە لەوەی هەردوولا بگەنە رێککەوتنێکی هاوبەش.
سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکاری ئێران رایگەیاند: "ئێران هیچ پلانێکی بۆ خولی داهاتووی دانوستانەکان نییە." هەروەها تیمی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی تەنیا "بەدوای بیانوودا گەڕاون بۆ جێهێشتنی مێزی دانوستان" و ئامادە نەبوون ئاستی داواکارییەکانیان کەم بکەنەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری پاکستانی کە چاودێری کۆبوونەوەکانی کردووە، "رەوشی گفتوگۆکانی بە پڕ لە گرژی و هەڵبەز و دابەز وەسف کرد." بە وتەی سەرچاوەکە، کەشی کۆبوونەوەکان لە نێوان "توندبوونەوە و ئارامیدا" بووە، تا دواجار شاندە ئەمریکییەکە بەبێ رێککەوتن کۆتایی بە دیدارەکان هێنا و بەرەو واشنتن گەڕایەوە.