پاکستان داوا لە واشنتن و تاران دەکات پابەندی ئاگربەست بن
دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد بێ رێککەوتن کۆتاییان هات
ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، داوای لە ئەمریکا و ئێران کرد پابەندی رێککەوتنی ئاگربەست بن، سەرەڕای ئەوەی دانوستانەکانی نێوانیان لە ئیسلام ئاباد شکستی هێنا و نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک.
وەزیری دەرەوەی پاکستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "پێویستە هەردوولا بەردەوام بن لە پابەندبوونیان بە ئاگربەست." هەروەها جەختی کردەوە، پاکستان لە رۆژانی داهاتوودا بەردەوام دەبێت لە گێڕانی رۆڵی خۆی بۆ ئاسانکاری و هاندانی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا.
دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەچوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی نیسانی 2026، بەبێ گەیشتن بە رێککەوتن کۆتایی هات.
لەم بارەیەوە، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لەگەڵ واشنتن لەسەر چەند پرسێک گەیشتوونەتە لێکگەیشتن، بەڵام رێککەوتنی کۆتایی واژۆ نەکراوە. ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەندی و راوێژەکانیان لەگەڵ پاکستان و دۆستانی دیکە بۆ بەردەوامیدان بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەردەوام دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند؛ هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران نەکراوە. ئەو جەختی کردەوە، واشنتن لە هێڵە سوورەکانی پاشەکشە ناکات و ئێستا "تۆپەکە لە گۆڕەپانی تاراندایە".
ڤانس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای دانوستانەکان گوتی: "بۆ ماوەی 21 کاتژمێر کارمان لەسەر ئەم پرسە کرد و چەندین گفتوگۆی جیدیمان لەگەڵ ئێرانییەکان هەبوو. هەواڵە باشەکە ئەوەیە گفتوگۆمان کرد، بەڵام هەواڵە خراپەکە ئەوەیە نەگەیشتینە رێککەوتن. پێم وایە ئەمە بۆ ئێران زۆر خراپترە وەک لەوەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان خراپ بێت."