هەوڵی دوور خستنەوەی ترهمپ دەدرێت
سارە باکستەر، بەڕێوەبەری سەنتەری ماری کۆلڤین بۆ راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، لە وتارێکدا لە پێگەی ئای پێپەر بڵاوکراوەتەوە، تیشک دەخاتە سەر پشێوییەکی سیاسی قووڵ لە ناوخۆی ئەمریکا و ئاماژە بە لەرزۆکیی پێگەی دۆناڵد ترەمپ و درزکەوتنی گەورە لە نێو بزووتنەوەی "ماگا" (MAGA) دەکات.
باکستەر ئاماژە بەوە دەکات، چیتر گفتوگۆکردن لەسەر کاراکردنی "هەموارکردنی 25ـی دەستووری ئەمریکا" بۆ لادانی ترەمپ بەهۆی نەکامیی عەقڵی یان تەندروستی، تەنیا تیۆرێکی سیاسی نییە، بەڵکو بووەتە بەشێک لە مشتومڕە سیاسییەکانی ناو واشنتن. هەرچەندە جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە لە واقیعدا کارێکی یەکجار قورسە و وەک کودەتایەکی سیاسی دەبینرێت، بەڵام وروژاندنی بابەتەکە نیشانەی قەیرانێکی قووڵە.
بەگوێرەی وتارەکە، ترەمپ ئێستا لەگەڵ جەنگێکی ناوخۆیی لە نێو بنکە جەماوەرییە راستڕەوەکەیدا رووبەڕووە. دیارترین کەسایەتییە کارتێکەرەکانی وەک (تاکەر کارلسۆن، کاندیس ئۆوێنز، مێگن کێلی و ئەلێکس جۆنز) کە پێشتر گەورەترین پشتیوانی ترەمپ بوون، دەستیان کردووە بە ئاراستەکردنی رەخنەی توند و گومانکردن لە توانای ئەو بۆ سەرکردایەتیکردن. نوسەر پێی وایە ئەم وەرچەرخانە بە مانای هەڵوەشانەوەی ئەو هاوپەیمانێتییە میدیایی و جەماوەرییە دێت، سێبەرێکی بەهێزی بۆ ترەمپ دروست کردبوو.
لە بەرامبەر ئەم گوشارانەدا، ترەمپ هەوڵ دەدات وێنەی خۆی وەک سەرکردەیەکی بەهێز بپارێزێت و بە توندی هێرش دەکاتە سەر رەخنەگرانی و بە "شکستخواردوو و کەم ئەقڵ" وەسفیان دەکات. ئەم پەرچەکردارانە بۆ ئەوەن رێگری بکات لەوەی وەک "مراوییە شەلەکە" (Lame Duck) دەربکەوێت – زاراوەیەکە بۆ سەرکردەیەک بەکاردێت کە دەسەڵات و کاریگەرییەکەی بەرەو نەمان دەچێت.
بەشێکی دیکەی راپۆرتەکە باس لە گۆشەگیریی ترەمپ لە نێو دامەزراوەکانی حوکمڕانیدا دەکات. باس لەوە دەکرێت، بەرپرسانی سەربازی و سیاسی لە پشت پەردەوە گفتوگۆ لەسەر لێکەوتەکانی جەنگ لەگەڵ ئێران دەکەن، لە کاتێکدا ناکۆکییەکی زۆر لەسەر زانیارییە هەواڵگرییەکان و رۆڵی ئەمریکا لە گرژییەکاندا هەیە. باکستەر ئاماژە بەوەش دەکات، جیاوازیی را لە نێوان ترەمپ و جەی دی ڤانسی جێگریدا هەیە، کە ڤانس وەک جێگرەوەیەکی ئەگەری دەبینرێت و ئەرکی دیپلۆماسی هەستیاری پەیوەست بە دۆسیەی ئێرانی پێسپێردراوە.
هەرچەندە لادانی ترەمپ ئێستا کارێکی واقیعی نییە، بەڵام کۆی ئەم ئاماژانە و دابەزینی ئاستی جەماوەریی لە راپرسییەکاندا، نیشانەی ئەوەن، ژینگەی سیاسی ئەمریکا وردە وردە خۆی بۆ ئەگەری گواستنەوەی دەسەڵات یان سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی سەرکردایەتی پێش کۆتایی هاتنی خولەکەی ئامادە دەکات. ئەمەش وای کردووە داهاتووی سەرکردایەتی ئەمریکا تەنانەت لە نێو دڵسۆزترین بازنەکانی ترەمپدا، ببێتە جێگەی گومان.