سعوودیە چاککردنەوەی کێڵگە نەوتییەکانی راگەیاند
وەزارەتی وزەی سعوودیە ئاماژەی بەوە دا، توانراوە بە سەرکەوتوویی زیانەکانی سەر هێڵی بۆریی رۆژهەڵات-رۆژئاوا و کێڵگەی نەوتی "مونیفە" چاک بکرێنەوە و هەناردەکردن ئاسایی ببێتەوە. روونیشی کردەوە، هەوڵەکان بۆ چاککردنەوەی کێڵگەی "خورەیس" بەردەوامن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی نیسانی 2026، وەزارەتی وزەی سعوودیە لە راگەیەنراوێکدا ئەوەشی خستە روو، وەک تەواوکەری راگەیەنراوەکەی 9ـی نیسان سەبارەت بەو زیانانەی بەر دامەزراوەکانی وزەی وڵاتەکە کەوتبوون، توانای بەرهەمهێنان و هەناردەکردن بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت.
وەزارەتی وزەی سعوودیە ئاماژەی بەوەش دا، بەهۆی ئامانجگرتنی دامەزراوەکانەوە رۆژانە 700 هەزار بەرمیل نەوت لە توانای هەناردەکردنی هێڵی بۆریی رۆژهەڵات-رۆژئاوا کەم ببووەوە، هەروەها ئاستی بەرهەمهێنان لە هەردوو کێڵگەی "مونیفە" و "خورەیس" بە بڕی 300 هەزار بەرمیل بۆ هەر یەکێکیان دابەزیبوو.
ئاماژەی بەوەش کردووە، تیمەکانیان توانیویانە لە ماوەیەکی کورتدا هەناردەکردنی هێڵی بۆریی رۆژهەڵات-رۆژئاوا بۆ حەوت ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بگەڕێننەوە، هەروەها بڕی زیانلێکەوتووی کێڵگەی مونیفەشیان ئاسایی کردووەتەوە.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا باسی لەوەش کردووە، کارەکان لە کێڵگەی خورەیس بەردەوامن بۆ گەڕاندنەوەی توانای بەرهەمهێنانی تەواوەتی و لە کاتی تەواوبوونیدا رایدەگەیەنن.
لە سەرەتای مانگی نیسانی 2026، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر بە ئێران، ژمارەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنی کرانە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیە. هێرشەکان بوونە هۆی زیانگەیاندن بە چەندین پاڵاوگە و کێڵگەی نەوتی کۆمپانیای ئارامکۆ، لەوانەش وێستگەیەکی ترومپای هێڵی بۆریی رۆژهەڵات-رۆژئاوا و هەردوو کێڵگەی مونیفە و خورەیس.
هێڵی بۆریی رۆژهەڵات-رۆژئاوا بە شادەمارێکی گرنگی ئابووریی جیهان دادەنرێت، چونکە بەهۆی گەمارۆکانی ئێران بۆ سەر گەرووی هورمز و رێگریکردن لە هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان، ئەو هێڵە تەنیا رێگەی سعوودیە بوو بۆ هەناردەکردنی نەوت بەرەو بازاڕەکانی جیهان بە توانای حەوت ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا. بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکان، هێرشەکان بوونە هۆی کەمبوونەوەی زیاتر لە 600 هەزار بەرمیل نەوت لە توانای بەرهەمهێنانی گشتیی وڵاتەکە، بەڵام تیمەکانی ئارامکۆ توانیان لە ماوەیەکی پێوانەییدا زیانەکان چارەسەر بکەن و سەقامگیری بۆ بازاڕی وزە بگەڕێننەوە.