شێرزۆد خەڵاتی باشترین یاریزانی بەدەستهێنا

شێرزۆد تەیمیرۆڤ
شێرزۆد تەیمیرۆڤ

شێرزۆد تەیمیرۆڤ گۆڵکاری ئۆزباکیستانی یانەی هەولێر، خەڵاتی باشترین یاریزانی گەڕی 27ـی خولی ئەستێرەکانی عێراقی بەدەستهێنا. دوای ئەوەی توانی لە یاری رابردووی یانەکەی دوو گۆڵ بەرامبەر یانەی مووسڵ تۆمار بکات.

دوای کۆتایی هاتنی گەڕی 27ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەنجومەنی خولەکە ناوی چوار یاریزانی بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەم گەرە بڵاوکردەوە، یەکێک لەو یاریزانانە شێرزۆد تەیمیرۆڤ گۆڵکاری ئۆزباکیستانی یانەی هەولێر بوو، لە کۆتاییدا ئەو یاریزانە توانی زۆرترین دەنگی هاندەران بەدەست بهێنێت و خەڵاتی باشترین یاریزانی گەڕی 27ـی خولی ئەستێرەکانی عێراقی بەدەستهێنا.

شیرزۆد یاری رابردووی یانەکەی بەرامبەر مووسڵ، توانی دوو گۆڵ بۆ یانەکەی تۆمار بکات، هەرچەندە لە کۆتاییدا یارییەکە بە یەکسانبوون لە نێوان هەردوو یانە کۆتایی هات. گۆڵکارەکەی یانەی قەڵا و منارە ئەم وەرزە لە کۆی 25 یاری، توانیویەتی 22 گۆڵ تۆمار بکات و پێشەنگی گۆڵکارانی خولی ئەستێرەکانی عێراقی گرتووە.

تەیمیرۆڤ دووەمجارە لەم وەرزە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، خەڵاتی باشترین یاریزانی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەباتەوە، جاری یەکەم گەڕی هەشتەم توانی خەڵاتی باشترین یاریزان بەدەست بهێنێت.