ئەکسیۆس: ترەمپ پێش وەختە پلانی بۆ گەمارۆی دەریایی سەر گەرووی هورمز دانابوو
ماڵپەڕی ئەکسیۆس ئاشکرای کرد کە بڕیارە کتوپڕەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ گەمارۆدانی دەریایی گەرووی هورمز، ستراتیژییەکی پێشوەختە بووە بۆ دەرهێنانی گەورەترین کارتی فشار لە دەستی تاران دوای شکستی دانوستانەکانی پاکستان.
یەکشەممە 12ـی نیسانی 2026، ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی ئاشکرای کرد کە ئامانجی سەرەکی دۆناڵد ترەمپ لە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر گەرووی هورمزدا، دەرهێنانی گەورەترین کارتی فشاری تارانە لە دانوستانەکاندا. ئەم بڕیارە کتوپڕەی واشنتن تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای شکستەکەی گفتوگۆکانی ئاشتی لە پاکستان راگەیەندرا.
بەپێی راپۆرتەکەی ئەکسیۆس، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا پێیان وایە تاران گەرووی هورمزی وەکو بارمتە گرتووە و لەو رێگەیەوە سەرانەی نایاسایی بەسەر هەناردەی نەوتدا دەسەپێنێت. بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندووە: "ئێمە دەمانەوێت ئەم کارتە لە دەستی ئێرانییەکان دەربهێنین."
ئەکسیۆس ئاماژەی بەوەش کردووە، ترەمپ بۆ ماوەی چەندین رۆژ ئەم پلانەی وەک بژاردەی جێگرەوە لەگەڵ تیمەکەی تاوتوێ کردووە بۆ کاتی شکستی دیپلۆماسی، کە دواجار بەهۆی مەرجەکانی ئێران بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گەرووەکە و دەستبەردارنەبوون لە یۆرانیۆمی پیتێنراو، گفتوگۆکان بێ ئەنجام بوون.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروسەوە فەرمانی بە هێزە دەریاییەکانی وڵاتەکەی کرد بە شێوەیەکی دەستبەجێ دەست بە گەمارۆدانی گەرووی هورمز بکەن. ترەمپ گوتی: "هێزی دەریایی ئەمریکا، کە باشترینی جیهانە، دەست دەکات بە کۆنتڕۆڵکردنی هاتن و چوون لە گەرووەکەدا. چیتر رێگە نادەین ئێران سوود لەم ئیبتزازە جیهانییە وەربگرێت."
بڕیارە نوێیەکانی سەرۆکی ئەمریکا چەند خاڵێکی توند لەخۆ دەگرێت ئەوانیش پشکنینی کەشتییەکان هێزی دەریایی ئەمریکا هەر کەشتییەک لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا رادەگرێت کە گومانی لێ بکرێت باجی تێپەڕبوونی بە ئێران دابێت.
هەروەها دەست دەکرێت بە تێکشکاندنی ئەو مینە دەریاییانەی ئێران لە ناوچەکەدا چاندوونی؛ ترەمپ هۆشداری دا هەر ئێرانییەک تەقە لە ئێمە یان کەشتییەکان بکات، بەتەواوی لەناو دەبرێت."