بەرپرسێکی ئەمریکی مەرجەکانی واشنتنی بۆ تاران ئاشکرا کرد

دانوستانەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بە بنبەست گەیشتن، ئەمەش دوای ئەوەی تاران سەرجەم داواکارییەکانی واشنتنی سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی و پاڵپشتی گرووپە چەکدارەکان رەتکردەوە. وەک پەرچەکردارێکیش، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە هێزی دەریایی ئەمریکا گەمارۆی گەرووی هورمز دەدات.

یەکشەممە 12ـی نیسانی 2026، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئێران بە توندی داواکارییەکی ئەمریکای بۆ برینی هاوکارییە داراییەکانی بۆ هەر یەکە لە بزووتنەوەی حەماس، حزبوڵای لوبنان و گرووپە حوسییەکانی یەمەن ڕەتکردووەتەوە.

جگە لە پرسی گرووپە ناوچەییەکان، خاڵێکی دیکەی ناکۆکییەکان پرسی ئاسایشی دەریاوانی و وزە بووە. بەپێی سەرچاوەکە، ئێران ئامادە نەبووە گەرووی هورمز بەتەواوی بەڕووی کەشتییەکانی نێودەوڵەتیدا بکاتەوە، کە بە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا دادەنرێت. 

هەروەها تاران سوور بووە لەسەر بەردەوامبوون لە پیتاندنی یۆرانیۆم و رەتیکردووەتەوە وێستگە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی هەڵوەشێنێتەوە.

هاوکات پێگەی هەواڵیی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە، واشنتن لە چوارچێوەی هێڵە سوورەکانیدا داوای کۆتاییهێنانی یەکجاری بە پیتاندنی یۆرانیۆم و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم وێستگە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی پیتاندنی کردووە کە بەشێکی زۆریان پێشتر زیانیان بەرکەوتووە، جگە لە وەرگرتنەوەی ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی کە لەلای تارانە.

واشنتن داوای کردووە تاران بچێتە ناو چوارچێوەیەکی فراوانتری ئاشتی و سەقامگیری و هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان کە هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئەمریکاش بگرێتەوە؛ بڕینی تەواوەتی هاوکارییە داراییەکان بۆ گرووپە چەکدارەکانی وەک حەماس، حزبوڵا و حوسییەکان وەک مەرجێکی بنەڕەتی دانراوە.

سەبارەت بە ئاسایشی دەریایی، واشنتن داوای کردووە گەرووی هورمز بە تەواوی بەڕووی کەشتیڕانی نێودەوڵەتیدا بکرێتەوە و هیچ باج و سەرانەیەک لەو کەشتیانە وەرنەگیرێت کە پیایدا تێپەڕ دەبن.

سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژەیان بەوە کردووە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکی نێوان هەردوولا، پرسی بڕی ئەو پارە بلۆککراوانەی ئێران بووە کە بڕیار بووە واشنتن ئازادیان بکات. ئەم کێشە داراییە لەگەڵ ڕەتکردنەوەی مەرجە ئەمنییەکان، وایکرد دانوستانەکان بەبێ هیچ ئەنجامێک کۆتاییان بێت.

لە لایەکی دیکەوە، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پشتڕاستی کردەوە بۆچوونەکان لەسەر دوو پرسی گرنگ جیاواز بوون و نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک. هەرچەندە تاران وردەکاری خاڵە جێناکۆکەکانی ئاشکرا نەکرد، بەڵام پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، کێشە سەرەکییەکە لەسەر داواکاری ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز و ڕەتکردنەوەی دەستبەرداربوون لە یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراو بووە.

کاردانەوەی خێرای واشنتن بۆ شکستی ئەم خولەی گفتوگۆکان، هەڕەشەیەکی سەربازی ڕاستەوخۆ بوو. دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا هەر ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، هێزە دەریاییەکانی وڵاتەکەی دەست دەکەن بە سەپاندنی گەمارۆیەکی توند بەسەر ئێراندا، ئەوەش لە رێگەی کۆنترۆڵکردنی تەواوی هاتن و چوون لە گەرووی هورمزدا، کە ئەم هەنگاوە ئەگەری پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکەدا زیاتر دەکات.