وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و پاکستان دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێرانیان تاوتوێ کرد
وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و پاکستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دوایین پێشهاتەکان و دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانیان تاوتوێ کرد.
ئەمرۆ یەکشەممە، 12ـی نیسانی 2026، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و محەممەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان بە تەلەفۆن پێکەوە قسەیان کرد.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و دانوستانەکانی شاندەکانی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئاباد تاوتوێ کران.
دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران، دوای کۆبوونەوەی 21 کاتژمێری، بێ ئەوەی بگەنە هیچ ڕێککەوتنێک کۆتایییان هات. وڵاتانی ناوچەکەش سەرنج دەخەنە سەر ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ.
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی نیسانی 2026، جەی دی ڤانس کۆتاییهاتنی دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران بەبێ گەیشتن بە هیچ رێککەوتنێک راگەیاند، هاوکات شاندی ئەمریکاش پایتەختی پاکستانیان بەرەو واشنتن جێهێشت.
جەی دی ڤانس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان رایگەیاند: "شاندەکانی واشنتن و تاران بۆ ماوەی 21 کاتژمێر دانوستانیان کرد، بەڵام نەگەیشتنە ڕێککەوتنێکی وا کە جێگەی رەزامەندی هەردوولا بێت." ڤانس ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان وەک لایەنی ئەمریکی باشترین پێشنیازیان پێشکەش بە لایەنی ئێرانی کردووە، بەڵام رەتیکردەوە وردەکاری زیاتری ناوەڕۆکی پێشنیازەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات.