یاریدەدەری پێشووی وەزیرانی جەنگی ئەمریکا: "پلانی B" بەرامبەر ئێران چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە

مارک کیمیت: گەرووی هورمز دادەخرێت

مارک کیمیت، یاریدەدەری پێشووی وەزیرانی جەنگی و دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند؛ دوای شکستی دانوستانەکان، دەستکراوە بە جێبەجێکردنی "پلانی B" بەرامبەر بە ئێران. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پلانە تەنیا ئەگەر نییە، بەڵکو لە رێگەی "سەپاندنی گەمارۆ بەسەر گەرووی هورمز" چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەم هەڵوێستەی کیمیت دوای ئەوە دێت، جەی دی ڤانس، شکستی گفتوگۆ راستەوخۆکانی لەگەڵ تاران راگەیاند. ئەمەش وەک وەرچەرخانێکی دراماتیکی لە ستراتیژی واشنتن دەبینرێت کە لە مێزی دانوستانەوە بەرەو چالاککردنی ئامرازی فشاری جیۆپۆلیتیکی و سەربازی هەنگاوی ناوە، کە شادەناری وزەی جیهانی دەکاتە ئامانج.

هەر دوێنێ یەکشمەممە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەی بە پەرەسەندنی گەورە لە مامەڵەکردن لەگەڵ تاران کرد و جەختی کردەوە، وڵاتەکەی بەم نزیکانە دەست دەکات بە سەپاندنی گەمارۆ بەسەر گەرووی هورمزدا.

لەلایەکی دیکەوە، ئێران هەڵوێستی خۆی توندتر کردووەتەوە و رایگەیاندووە؛ پێداگرە لەسەر وەرگرتنی فەرمی تێپەڕین لە گەرووی هورمز بە "ریاڵی ئێرانی". ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە رەتکردنەوەی هەر کۆتوبەندێک لەسەر دەریاوانی لەو رێڕەوە نێودەوڵەتییەدا.

بەگوێرەی راپۆرتەکان، ئێران بە نیازە هاتووچۆی کەشتییەکان لە گەرووەکەدا رێکبخات و تەنیا رێگە بە تێپەڕبوونی ژمارەیەکی دیاریکراو بدات، لەگەڵ سەپاندنی فەرمی تێپەڕین کە دەگاتە دوو ملیۆن دۆلار بۆ هەر کەشتییەک، ئەمەش ئەگەری پەرەسەندنی نوێ لە یەکێک لە گرنگترین رێڕەوەکانی وزەی جیهان زیاد دەکات.