چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە

بڕیارە ئەمشەو لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ تاوتوێکردنی پرسی پێکهێنانی حکوومەت و دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران، کۆببنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، کاتژمێر8:00ـی شەو، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە کۆدەبنەوە. تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکە بریتییە لە گفتوگۆکردن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر یەکلاییکردنەوەی ناوی کاندیدی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق.

لەم بارەیەوە، هومام حەمودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق کە هاوکات ئەندامێکی دیاری ناو چوارچێوەی هەماهەنگییە، رایگەیاند: "پێویستە لە ماوەی ئەم دوو هەفتەیەدا پرسی کاندیدی سەرۆکوەزیران یەکلایی بکەینەوە." جەختیشی لەوە کردەوە کە تەنیا ئەو دوو هەفتەیە لەبەردەم چوارچێوەی هەماهەنگی ماوە و دەبێت پرسەکە چ بە رێککەوتن بێت یاخود بە زۆرینە، یەکلا بکرێتەوە.

حەمودی ئاماژەی بەوەش دا، حکوومەتی داهاتوو ئەرکێکی قورسی لەسەر شانە و لەبەردەم ئاڵنگاری و هەڕەشەی جددیدایە. راشیگەیاند؛ پێویستە حکوومەتی نوێ کار بکات بۆ بنیاتنانی سوپایەکی بەهێز کە توانای پاراستنی سەروەریی خاکی عێراقی هەبێت، هەروەها پەیڕەوکردنی رێکاری دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە یەکێک لە کارە لەپێشینەکان دانا.