ئیلۆن مەسک ئەپی "ئێکس چات" رادەگەیەنێت و دەبێتە رکابەرێکی سەرسەختی واتسئاپ و ویچات
ئیلۆن مەسک بە راگەیاندنی ئەپێکی نوێی نامەگۆڕینەوە بە ناوی "ئێکس چات" کە بڕیارە لە 17ی نیسانی ئەمساڵ بە فەرمی بخرێتە کار، دەچێتە نێو رکابەرییەکی تووند لەگەڵ واتسئاپ و ویچات و ئامانجیەتی کۆتایی بە هەژموونی ئەو دوو ئەپە زەبەلاحە بهێنێت .
ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ئەمریکی و خاوەنی چەندین کۆمپانیای زەبەلاحی تەکنەلۆژیا، جارێکی دیکە بە پرۆژەیەکی نوێوە گەڕایەوە نێو جیهانی تەکنەلۆژیا. ئەمجارەیان مەسک ئەپی "X Chat"ی راگەیاند، کە ئەپێکی تایبەتە بە نامەگۆڕینەوە، پەیوەندیی تەلەفۆنیی، ڤیدیۆیی و ناردنی وێنە و کلیپە ڤیدیۆییەکان.
تایبەتمەندییە نوێیەکەی ئێکس چات
یەکێک لە جیاوازییە سەرەکییەکانی ئەم ئەپە نوێیە ئەوەیە کە بەکارهێنەران دەتوانن تەنیا لە رێگەی هەژمارەکەیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" و بەبێ بەکارهێنانی ژمارەی تەلەفۆن، هەژمار لە "ئێکس چات" دروستبکەن. ئەمەش وەک خاڵێکی بەهێزی رکابەری دەبینرێت، چونکە لە هەردوو ئەپی واتسئاپ و ویچاتدا هەبوونی ژمارەی تەلەفۆن مەرجێکی سەرەکییە بۆ بەکارهێنان.
مەسک کە خاوەنی کۆمپانیاکانی سپەیس ئێکس، تێسلا، بۆرینگ، تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس و پلاتفۆرمی ژیری دەستکردی "گرۆک"ـە، ئێستا دەیەوێت روو بکاتە بازاڕێک کە زیاتر لە 6 ملیار کەس لە جیهاندا وەک بەکارهێنەری چالاک تێیدا رۆڵ دەبینن و واتسئاپ و ویچات پلەی یەکەم و دووەمییان گرتووە.
نیگەرانییەکان لەبارەی پاراستنی زانیارییەکان
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەم ئەپە نوێیە، لە سۆشیاڵ میدیا و وێبسایتە تەکنەلۆژییەکان نیگەرانی لەبارەی زیادبوونی دەسەڵاتی مەسک بەسەر ئامرازە تەکنەلۆژییەکان دەربڕدراوە. رەخنەگرانی مەسک دەڵێن ئەمە دەبێتە هۆی قۆرخکاری و رەنگە لە داهاتوودا ببێتە هۆی سنووردارکردنی رای گشتی.
لەلایەکی دیکەوە، پرسی پاراستنی نهێنی "پرایڤەسی" بووەتە جێی باسی شارەزایان؛ پرسیارەکە ئەوەیە تا چەند نامەکانی ناو ئەم ئەپە سەلامەت دەبن و ئایا لە کاتی داواکاری یاساییدا، مەسک زانیارییەکانی بەکارهێنەران رادەستی حکوومەتەکان دەکات یان نا؟
ئێستا چاوەکان لەسەر ئەوەن کە ئایا مەسک دەتوانێت لەم رکابەرییەدا سەرکەوتوو بێت؟ شارەزایان دەڵێن بە لەبەرچاوگرتنی رابردووی مەسک لە هەر کارێکی دەستی بۆ بردبێت، ئەگەر سەرکەوتنەکە مسۆگەریش بێت، بەڵام کاتی پێویستە بۆ ئەوەی بتوانێت پێش رکابەرە دێرینەکانی بکەوێت.
بڕیارە ئەپی "XChat" کە ئەپێکی سەربەخۆیە، لە رێکەوتی 17ی نیسانی 2026 بە فەرمی بخرێتە کار. ئێستا ئەپەکە لە "ئاپ ستۆر" بۆ بەکارهێنەرانی ئایفۆن و ئایپاد بەردەستە بۆ پێشوەختە داواکردن (Pre-order).
ئەم ئەپە نوێیەی کۆمپانیای "X"، بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ ئەپە ناودارەکانی وەک "سیگناڵ" و "واتسئاپ" رکابەری بکات، چەندین تایبەتمەندی گرنگی بۆ زیاد کراوە، لەوانە: کۆدکردنی سەرتاپای نامەکان (End-to-end encryption)، تایبەتمەندی سڕینەوەی ئۆتۆماتیکی نامەکان و سیستمێکی پێشکەوتووی کۆنترۆڵکردنی پاراستنی نهێنییەکان. شارەزایان پێیان وایە مەسک دەیەوێت لەرێگەی ئەم تایبەتمەندییانەوە متمانەی بەکارهێنەران بەدەستبهێنێت.