حزبوڵڵای لوبنانی: ئۆکرانیا ناتوانێت پارێزگاری لەخۆی بکات، چۆن رووبەڕووی ئێران دەبێتەوە

مەحموود قەماتی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسیی حزبوڵڵا رایگەیاند، لێدوانەکانی ئۆکرانیا دەربارەی ئامادەبوونی بۆ هاوکاریکردنی ئیسرائیل لە دژی ئێران و بەرەی مقاوەمە بێ مانایە.  

مەحموود قەماتی بە ئاژانسی نۆڤۆستی راگەیاند، ئۆکرانیا ناتوانێت پارێزگاری لە خۆی و سەروەری وڵاتەکەی بکات، کەواتە چۆن دەتوانێت بەشداریی لە رووبەڕووبوونەوەی ئێران و بەرەی مقاوەمە بکات؟، ئەمە شتێکی بێ مانەیە.

سەربارەت بە خزمەتکردنی پسپۆرانی ئۆکرانی لە سوپای ئیسرائیلدا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسیی حزبوڵڵا گوتی: هیچ زانیارییەکی نییە سەبارەت بەوەی ئایا پسپۆڕی ئۆکراینی لە سوپای ئیسرائیلدا هەیە یان نا.

بەگوتەی قەماتی، حزبوڵڵا ئۆکرانیا بە هاوپەیمانی ئیسرائیل دەزانێت، ئیسرائیلیش بە هاوپەیمانی ئۆکرانیا دەزانێت، ئاماژەی بەوەشکرد، "وەک دەزانین ئۆکرانیا لەلایەن ئەوروپاوە بەکاردەهێنرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی رووسیا، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پێشڕەوییەکان و دەسەڵاتی رووسیا لە ئەوروپا و جیهان، بۆیە ئێمە پاڵپشتی رووسیا دەکەین لە رووبەڕووبوونەوەی ئۆکرانیا."