یانەی هەولێر دوای 24 رۆژ چاوی لە یەکەم بردنەوەیە
یانەی هەولێر لە گەڕی 29ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، دوای چوار یەکسانبوونی لەسەر یەک، ئەمجارەیان لە دەرەوەی یاریگای خۆی و لە شاری بەغدا دەبێتە میوانی یانەی نەفت.
ئەمڕۆ سێ شەممە 14ـی نیسانی 2026 کاتژمێر پێنجی ئێوارە، لە بەردەوامی یارییەکانی گەڕی 28ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی و لە شاری بەغدا دەبێتە میوانی یانەی نەفت. هەولێر چوار یارییە لەسەر یەک نەیتوانیوە بردنەوە بەدەست بهێنێت و لە هەر چوار یاری رابردووی یەکسانبووە، دوایین بردنەوەشیان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق گەڕی 20 یارییە دواخراوەکەی بەرامبەر دیالە بوو لە رۆژی 22ـی مانگی ئاداری رابردوو. لەو کاتەوە هەولێر لە هیچ یارییەک براوە نەبووە.
هەولێر ئەم وەرزە لە کۆی 27 یاری خاوەنی 15 بردنەوە و 4 دۆڕانە و بە کۆکردنەوەی 53 خاڵ لە پلەی چوارەمی ریزبەندی دێت، یانەکەی قەڵا و منارە بە بردنەوە لەم یارییە بۆ پلەی سێیەمی ریزبەندی دەگەڕێتەوە، بە پێچەوانەوە لە پلەی چوارەم دەمێنێتەوە.
ئەم وەرزە یانەی هەولێر سێزدە یاری لە دەرەوەی یاریگای خۆی کردووە و تەنها لە دوو یاری دۆڕاوە، ئەویش بەرامبەر زەوڕا و ئەمانە بوو، دۆڕانەکەی بەرامبەر ئەمانەش بەهۆی هەڵەیەکی هونەری کارگێڕی تیپەکە بوو، بەهۆی بەشداری پێکردنی حەوت یاریزانی پیشەگەر لە پێکهاتەی سەرەکی.
مستەفا قابیل هێرشبەری لاوی یانەی هەولێر، هاوشێوەی یاری رابردوو بەهۆی پێکان بەشداری ئەم یارییە ناکات، لە بەرامبەردا سەرجەم یاریزانەکانی یانەکە ئامادەن بۆ یارییەکە.