سێ رێکخراوی جیهانی هۆشداریی لە سەرهەڵدانەوەی جەنگ دەدەن
سندوقی نێودەوڵەتی دراو (IMF)، بانکی جیهانی و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە (IEA)، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا هۆشداری دەدەن کە جەنگی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەرییەکی گشتگیر و نایەکسانی لەسەر جیهان هەبووە؛ جەختیش دەکەنەوە کە تەنانەت ئەگەر هاتوچۆ لە گەرووی هورمز ئاساییش ببێتەوە، ئاسەوارە ئابوورییە وێرانکەرەکان و گرانیی نرخەکان بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێننەوە.
دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، لە کۆبوونەوەیەکی هەماهەنگیدا لە واشنتن، سەرۆکی هەر سێ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکە سندوقی نێودەوڵەتی دراو (IMF)، بانکی جیهانی و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە (IEA) رایانگەیاند جەنگەکە گورزێکی کوشندەی لە وڵاتانی کەمداهات و هاوردەکاری وزە وەشاندووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، گاز و "پەیینی کیمیایی" بووەتە هۆی دروستبوونی مەترسییەکی جددی لەسەر ئاسایشی خۆراک و لەدەستدانی هەلی کار لە ئاستی جیهاندا.
راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دەکات دۆخی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز هێشتا ئاسایی نەبووەتەوە. هۆشداریش دەدەن کە "تەنانەت دوای دەستپێکردنەوەی ئاسایی هاتوچۆ، کاتی زۆری دەوێت تاوەکو پێداویستییە سەرەکییەکان بگەنەوە ئاستی پێش جەنگ، چونکە زیانێکی زۆر بە ژێرخانی وزە گەیشتووە و نرخەکان بۆ ماوەیەکی درێژ بە بەرزی دەمێننەوە."
جگە لە کەرتی وزە، ئەو سێ دامەزراوەیە باسیان لەوە کرد کە جەنگەکە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی خەڵکێکی زۆر، پەککەوتنی کەرتی گەشتیاری و کەمبوونەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، کە ئەمانەش پێویستییان بە کاتێکی زۆر دەبێت بۆ چاکبوونەوە.
هاوکات، فاتیح بیرۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، دوای کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ سەرکردەکانی بانکی جیهانی و سندووقی نێودەوڵەتی دراو رایگەیاند، چەندین وڵات دەستیان بەسەر کۆگاکانی وزەدا گرتووە و رێگری لە هەناردەکردن دەکەن. بیرۆڵ بەبێ ئەوەی ناوی ئەو وڵاتانە بهێنێت، داوای لێکردن رێگە بدەن وزە بۆ بازاڕەکان بڕژێت تاوەکو نرخەکان جێگیر ببن.
هەروەها کریستاڵینا جۆرجێڤا، بەڕێوەبەری سندووقی نێودەوڵەتی دراو، پەیامێکی توندی ئاراستەی وڵاتانی زلهێز کرد و گوتی: "پێش هەموو شتێک، زیان مەگەیەنن." جۆرجێڤا ئاماژەی بەوە کرد، کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی ئەو وڵاتانە ئەنجامداوە کە لە ئاسیا، ئەفریقا و دوورگەکانی زەریای هێمن زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و نیگەرانییەکی قووڵیان هەیە سەبارەت بە نەمانی پێداویستییەکانی وزە.
بڕیارە سبەینێ سێشەممە، 14 نیسان، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە ڕاپۆرتی مانگانەی بازاڕی نەوت و سندووقی دراویش ڕاپۆرتی "ئاسۆی ئابووری جیهان" بڵاو بکەنەوە، کە تێیدا وردەکاری زیاتری زیانەکان دەخەنە ڕوو.
هەردوو بانکی جیهانی و سندوقی دراو جەختیان کردەوە کە ئامادەن هاوکاری دارایی و راوێژی سیاسی پێشکەشی ئەو وڵاتانە بکەن کە بەهۆی ئەم شۆکە ئابوورییەوە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
ئەم هۆشدارییە جیهانییە لە کاتێکدایە کە بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران و گەمارۆدانی گەرووی هورمز لە لایەن واشنتۆنەوە، گواستنەوەی نەوت و گاز لە جیهاندا تووشی پەککەوتنێکی گەورە بووە.
ئەم دۆخە وایکردووە وڵاتانی وەک فلیپین و مالیزیا دەوامی فەرمیی فەرمانبەران کەم بکەنەوە و چەندین وڵاتی تریش دەستیان بە پاشەکەوتکردنی سووتەمەنی کردووە، کە ئەوەش مەترسیی داڕمانی ئابووریی جیهانیی زیاتر کردووە.