پاکستان پێشنیازی میوانداریکردنی گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، دوو بەرپرسی پاکستانی رایانگەیاند، وڵاتەکەیان پێشنیازی کردووە لە چەند رۆژی داهاتوودا و پێش کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەست، میوانداریی خولی دووەمی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئاباد بکات.
ئەو دوو بەرپرسە کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت ئاماژەیان بەوە کردووە، جێبەجێکردنی ئەم پێشنیازە بەندە بەوەی ئایا هەردوو لایەنەکە داوای شوێنێکی دیکە بۆ کۆبوونەوە دەکەن یان نا، یەکێک لە بەرپرسەکان دەڵێت، هەرچەندە خولی یەکەم بێ رێککەوتن کۆتایی هات، بەڵام ئەم گفتوگۆیانە بەشێکن لە پرۆسەیەکی دیپلۆماسی بەردەوام و هەوڵەکان ناوەستن.
پێشتر گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران لە پاکستان کە 21 کاتژمێری خایاند، بێ گەیشتنە هیچ رێککەوتنێک کۆتایی هات، ئەمەش ئاگربەستەکەی نێوانیانی خستووەتە مەترسییەوە، ئەو دانوستانانە لەلایەن جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران سەرپەرشتی دەکران، بەڵام بەهۆی قووڵیی ناکۆکییەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، گفتوگۆکان گەیشتنە بنبەست.
لە دوایین هەڵوێستەکان، دوێنێ ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر سەرجەم ئەو کەشتیانەی بەرەو بەندەرەکانی ئێران دەچن یان لەوێوە دەردەچن، تەنیا رێگە بەو کەشتیانە دەدرێت کە لە ئێران لەنگەر ناگرن، ئەم هەنگاوەی واشنتن بە ئامانجی پەکخستنی هەناردەی نەوتی تاران و وشککردنی سەرچاوە داراییەکانیەتی.
لە بەرامبەردا، ئێران بە توندی ئەم هەنگاوەی رەتکردەوە. موحسین رەزایی، راوێژکاری سەربازیی رێبەری ئێران جەختی کردەوە، وڵاتەکەی رێگە بە سەپاندنی ئەو گەمارۆیە نادات و ئاماژەی بەوە کرد کە تاران خاوەنی توانایەکی زۆرە بۆ رووبەڕووبوونەوە.