وەزارەتی تەندروستیی لوبنان بۆ کوردستان24: بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل شەش نەخۆشخانە بە تەواوی داخراون
بەرپرسی نووسینگەی وەزیری تەندروستیی لوبنان ئاشکرای کرد، سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست لە ناوچەکەدا، ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانکردنی لوبنان و بەتایبەت خەڵکی مەدەنی و تیمە پزیشکییەکان دەکاتە ئامانج.
ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، دکتۆر رەزا مووسەوی، بەرپرسی نووسینگەی وەزیری تەندروستیی لوبنان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی ئێران، لە 28ـی ئابی رابردوو، 2089 کەس لە لوبنان، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل کوژراون و 6762 کەسیش بریندار بوون.
بە گوتەی مووسەوی، ئامارەکە بەپێی رەگەز و تەمەن بەم شێوەیە دابەش بوون:
- پیاوان: 1671 کوژراو و 4982 بریندار.
- ئافرەتان: 252 کوژراو و 1132 بریندار.
- منداڵان: 166 کوژراو و 648 بریندار.
دکتۆر رەزا مووسەوی جەختی لەوەش کردەوە، ئیسرائیل بە مەبەست تیمە پزیشکی و فریاگوزارییەکان دەکاتە ئامانج. زیانەکانی کەرتی تەندروستیی لوبنان بەم جۆرەن:
- 88 کارمەندی تەندروستی کوژراون و 195ـی دیکەش بریندار بوون.
- 116 هێرش کراوەتە سەر کۆمەڵەکانی فریاکەوتن.
- 25 ناوەندی پزیشکی و فریاکەوتن کراونەتە ئامانج.
- 101 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و تەندروستی پێکراون.
- شەش نەخۆشخانە بە تەواوی داخراون.
بە گوتەی مووسەوی، دوای ئەوەی ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێران راگەیەنرا، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەیان نەوەستاون؛ بەڵکوو بەرفراوانتر بوون. گوتیشی، تەنیا چوارشەممەی رابردوو، 08ـی نیسانی 2026، زیاتر لە 100 هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر لوبنان و بەهۆیەوە نزیکەی 400 کەس کوژراون.
بەرپرسەکەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان گوتیشی، "پەیاممان ئەوەیە، ئێمە بەردەوامین لە رووبەڕووبوونەوەی ئەم دوژمنکارییە و تیمە پزیشکییەکانمان لە کارەکانیان بەردەوامن. پەیامی دوژمنیش پەیامێکی تاوانکارییە و ساڵانێکە بەردەوامە و شتێکی نوێ نییە، ئێمە زۆر باش ئیسرائیل دەناسین."