لە کەناراوەکانی عومان هێرش کرایە سەر کەشتییەکی بەریتانیا
ئاژانسی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا راپۆرتی هێرشکردنە سەر کەشتییەکی بارهەڵگری لە نزیک عومان بڵاوکردەوە
ئاژانسی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاند، کەشتییەکی گواستنەوەی کۆنتێنەر لە کەناراوەکانی عومان و لە شوێنێکی نزیک لە گەرووی هورمز رووبەڕووی هێرش بووەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، کەشتییەکە 2 جار کراوەتە ئامانج و بەهۆی هێرشەکانەوە ئاگر لە پشتی کەشتییەکە کەوتووەتەوە، هاوکات ئاماژە بەوە کراوە، هێزی دەریایی پاکستان دەستبەجێ گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە و دەستوەردانی کردووە بۆ هاوکاریکردنی کەشتییە بارهەڵگرەکە لە کەناراوەکانی عومان.
لە دوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە و دواتر پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ ئێران، زیاتر لە 100 هێرش کراوەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور، کەنداوی عەدەن و کەنداوی عومان.
بەریتانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە کەشتییە جەنگی و بازرگانییەکانی زۆرترین جار رووبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوە. تەنیا لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، حوسییەکان چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر کەشتیی خاوەندارێتی بەریتانیا.
گەرووی هورمز کە لە ژێر دەسەڵاتی هێزە دەریاییەکانی ئێراندایە، چەندین کەشتیی بازرگانی کە پەیوەندییان بە بەریتانیا یان وڵاتانی رۆژئاواوە هەبووە، لەم ناوچەیەدا دەستبەسەر کراون یان بە درۆن هێرشیان کراوەتە سەر.