جەدعون ساعر: ئامانجمان ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ لوبنان
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی خوازیاری گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ لوبنان، جەختیشی کردەوە هیچ کێشەیەکی گەورە لە نێوان هەردوو دەوڵەتدا نییە و تەنیا لەمپەر لە بەردەم ئاشتیدا بوونی حزبوڵڵایە.
سێشەممە 14ـی نیسانی 2026، تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی دانوستانەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل لە واشنتن، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئێمە دەمانەوێت بگەینە ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەوڵەتی لوبنان. هیچ ناکۆکییەکی قووڵ لە نێوانماندا نییە، کێشەی سەرەکی حزبوڵڵایە."
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، دانوستانەکانی واشنتن لەسەر دوو بنەمای سەرەکی دەبن؛ یەکەمیان راگەیاندنی ویستی لوبنان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، دووەمیشیان جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە چالاکییەکانی حزبوڵڵا نایاسایین.
بڕیارە هەر ئەمڕۆ، بۆ یەکەمجار دوای چەندین دەیەی ململانێ، باڵیۆزانی لوبنان و ئیسرائیل بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن کۆدەبنەوە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رەزامەندی لەسەر دانوستانی راستەوخۆ دەربڕی و رایگەیاند ئامانجیان داماڵینی چەکی حزبوڵڵا و بنیاتنانی پەیوەندییەکی ئاشتییانەیە.
ئەم وەرچەرخانە دیپلۆماسییە دوای دەستپێشخەرییەکەی جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان دێت کە لە ٩ی ئاداردا رایگەیاندبوو. پڕۆژەکەی عەون جەخت لەسەر ئاگربەستێکی گشتگیر، پشتگیریکردنی سوپای لوبنان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچە سنوورییەکان، دەستبەسەرداگرتنی چەک لە ناوچە ئاڵۆزەکان و دەستپێکردنی گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل دەکاتەوە.