بەریتانیا و فەرەنسا هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ ئاسایشی گەرووی هورمز دەدەن

کۆشکی ئەلیزێ رایگەیاند ئیمانوێل ماکرۆن و کییەر ستارمەر، رۆژی هەینی سەرپەرشتی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی دەکەن بۆ پێکهێنانی هێزێکی بەرگریی فرەلایەن بە مەبەستی پاراستنی گەرووی هورمز و سەپاندنی سزای نوێ بەسەر تاراندا.

سێشەممە 14ـی نیسانی 2026، کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئەلیزێ) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی وڵاتەکەی و کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، رۆژی هەینی سەرپەرشتی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی "ڤیدیۆیی" دەکەن بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی هێزێکی بەرگریی فرەلایەن بۆ پاراستنی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز و سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێراندا.

لە راگەیەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم کۆنفرانسە تایبەتە بەو وڵاتانەی لە جەنگەکەدا بەشدار نین، بەڵام ئامادەن هاوکاری بکەن لە ئەرکێکی بەرگرییدا بۆ گەڕاندنەوەی ئازادیی هاتوچۆ بۆ گەرووی هورمز کاتێک بارودۆخی ئەمنی رێگە بدات.

بەپێی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان، بڕیارە سبەینێ چوارشەممە دیپلۆماتکارانی باڵای چەند وڵاتێک کۆبوونەوەیەکی ئامادەکاری ئەنجام بدەن پێش لووتکەی سەرۆکەکان. گفتوگۆکان لە رێگەی چەند تیمێکی کاری پسپۆڕەوە دەبن کە جەخت لەسەر ئەم خاڵانە دەکەنەوە، تاوتوێکردنی سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێراندا، هەماهەنگی نێودەوڵەتی بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی دەریاوانی، گرتنەبەری رێکاری ئابووری توند دژی تاران لە ئەگەری بەردەوامیی داخستنی گەرووەکە و هەوڵدان بۆ ئازادکردنی ئەو کەشتی و کەشتیوانانەی لە ناوچەکەدا گیریان خواردووە.

پاریس و لەندەن جەختیان کردووەتەوە کە ئەم ئەرکە نێودەوڵەتییە جیاوازە لە هەوڵەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام ئامانجی سەرەکی بریتییە لە ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی خێرای جووڵەی بازرگانی لەو رێڕەوە ستراتیژییەدا بەبێ ئەوەی وڵاتانی بەشداربوو ببنە لایەنێک لە جەنگە سەربازییەکە.

ئەم جووڵە دیپلۆماسییەی ئەوروپا لە کاتێکدایە کە واشنتن گەمارۆیەکی توندی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و گەرووی هورمز بە تەواوی پەکیکەوتووە، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەی لەسەر بازاڕی وزەی جیهانی و ئابووری وڵاتان دروست کردووە.