ئێمباپێ: یاریکردن بۆ ریاڵ مەدرید خەڵاتێکە لەلایەن خوداوە
کیلیان ئێمباپێ گۆڵکاری فەڕەنسی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا لە دیمانەیەکی تایبەت لەبارەی یاری کردن لە ریزەکانی یانە شاهانەکە دەڵێت '' بۆ من یاریکردن لە ریزەکانی یانەی ریاڵ مەدرید وەکو خەڵاتێکی خوداییە ''.
کیلیان ئێمباپێ ساڵانێکی زۆر چاوەڕێ کرد بۆ ئەوەی بگاتە بە درێسی یانەی ریاڵ مەدرید، ئەو یاریزانە فەڕەنسیە لە پێناو لەبەر کردنی درێسی ئەو یانەیە قوربانی زۆریدا، بەڵام زۆرێک لە رۆژنامەنوس و هاندەرانی ئیسپانی پێیانوایە ئەو یاریزانە نازانێت گەورەیی ناوی یانەکەی چەندە.
گۆڵکارە فەڕەنسیەکەی یانە شاهانەکە لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ماڵپەری GQ Espana لەبارەی یاریکردن لە ریزەکانی یانەی ریاڵ مەدرید دەڵێت '' بۆ من ئەوە وەکو خەڵاتێکە لەلایەن خوداوە، دڵخۆشم کە دەتوانم و بە چێژەوە دەژیم و باشترین یارییەکانی خۆم دەکەم لە باشترین یانەی جیهان. من هەمیشە دڵخۆشم بە بوونم لەناو یاریگا و دڵخۆشم کە هەموو بەیانیەک لە خەو هەڵدەستم بۆ ئەنجامدانی باشترین کارەکانم. زۆر دڵخۆشم کە لە باشترین یاریگای جیهانم و لە وڵاتێکم کە یەکێک لە باشترینەکانی تۆپی پێی جیهان ''.
کیلیان ئێمباپێ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت '' ئەمڕۆ بەهرە بەتەنیا بەس نییە، ئەوەی جیاوازی دروست دەکات بەردەوامی و جێگیرییە. ئێمە لە سەردەمێکی رکابەری لەڕادەبەدەرداین، بۆیە ناتوانین هەمیشە لە ئاستێکی بێوێنەدا بین و ئەو نمایشە پێشکەش بکەین کە خەڵکی چاوەڕێی دەکەن ''.