ئاکرێ بۆ یەکەمجار گەیشتە خولی یانە پلە دووەکانی عێراق

یانەی ئاکرێ
یانەی ئاکرێ

یانەی ئاکرێ لە گەڕی شەشەمی خولی یانە پلە سێیەکانی عێراق و لە کۆمەڵەی یەکەم، لە یاریگای خۆی میوانداری یانەی ئاراراتی کرد و لە کۆتاییدا توانی یارییەکە بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێ وەڵام بباتەوە  پێشوەختە سەرکەوتنی بۆ خولی پلە دووی عێراق مسۆگەر کرد.

یانەی ئاکرێ لە بەردەوامی قۆناغی کۆتایی یارییەکانی خولی یانە پلە سێیەکانی عێراق، دوای پێنج بردنەوەی لەسەر یەک ئەمجارەیان لە یاریگای خۆی و لە گەڕی شەشەم، میوانداری یانەی ئاراراتی کرد و شەشەم بردنەوەی لەسەر یەکی بەدەستهێنا. 

نیوەی یەکەمی یارییەکە خەریکبوو بەبێ گۆڵ کۆتایی بێت، بەڵام لە خولەکی 42 یاریزانانی ئەو یانەیە توانیان گۆڵی یەکەمی یارییەکە بکەن و نیوەی یەکەمیش بەم ئەنجامە کۆتایی هات. نیوەی دووەمیش یاریزانانی خاوەنی یاریگا توانیان، لە خولەکی 67 دووەم گۆڵ تۆمار بکەن و سێ خاڵی یارییەکەیان مسۆگەر کرد.

یانەکەی پایتەختی نەورۆز دوو گەڕ پێشکۆتایی هاتنی قۆناغی کۆتایی خولی یانە پلە سێیەکانی عێراق، توانی سەرکەوتنی بۆ خولی یانە پلە دووەکان مسۆگەر بکات، دوای ئەوەی لە شەش یاری سەرەتای توانی شەش بردنەوە بەدەست بهێنیت و بە کۆکردنەوەی 18 خاڵ، پێشەنگی کۆمەڵەی یەکەمی مسۆگەر کرد.