وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: جەنگی ئێران دەبێتە هەوێنی 50 ساڵ سەقامگیری و نرخی وزە دادەبەزێت

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، رایگەیاند جەنگی ئێستای ئێران وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی دەبینرێت بۆ ئابووری وڵاتەکەی و دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی سووتەمەنی و دەستەبەرکردنی 50 ساڵ سەقامگیری.

سێشەممە 14ی نیسانی 2026، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە میانی بەشداریی لە کۆنفرانسی "ئابووری جیهانی سێمافۆر" لە واشنتن، وێنەیەکی گەشبینانەی بۆ ئاییندەی ئابووری وڵاتەکەی دوای جەنگ کێشا. بێسێنت رایگەیاند: "ئێمە جەنگەکە وەک دەرفەتێک دەبینین؛ پێم وایە لە داهاتوودا ئاوڕ بۆ دواوە دەدەینەوە و دەڵێین ئەم جەنگە بووە هۆی 50 ساڵ سەقامگیری لە ئابووری ئەمریکادا."

بێسێنت ئاماژەی بەوەشدا، سەرەڕای ئاڵۆزییەکان، بەهای دۆلار لە کاتی جەنگدا بەهێزتر بووە و پێشبینی دەکات بە کۆتاییهاتنی جەنگەکە، نرخی وزە و سووتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێت.

سەبارەت بە سیاسەتی دارایی، وەزیری گەنجینە داوای لە بانکی ناوەندی (یەدەگی فیدراڵی) کرد کە پەلە نەکات لە کەمکردنەوەی رێژەی سوود و ستراتیژییەتی "چاوەڕوانی" پەیڕەو بکات تاوەکوو لێکەوتە کۆتاییەکانی جەنگی ئێران روون دەبنەوە، هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر داوای کەمکردنەوەی خێرای سوودی کردبوو.

سکۆت بێسێنت ئاماژەی بەوە کرد، مامەڵەی ئێستای بەیژینگ لە پاشەکەوتکردنی سووتەمەنی و کەمکردنەوەی هەناردە، هاوشێوەی رەفتارەکانی ئەو وڵاتەیە لە کاتی پەتای کۆرۆنا (کۆڤید-19) کاتێک دەستی بەسەر پێداویستییە پزیشکییەکاندا گرتبوو و کۆی دەکردنەوە.

بێسێنت ئاشکرای کرد کە لەسەر ئەم مژارە راستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی چین قسەی کردووە و نیگەرانییەکانی واشنتنی پێ گەیاندوون.

کاتێک لەبارەی ئەوەوە پرسیاری لێکرا "ئایا ئەم ناکۆکییە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەو سەردانە فەرمییەی کە بڕیارە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی ئەم مانگەدا بۆ بەیژینگ ئەنجامی بدات؟"، وەزیری گەنجینە وەڵامی نەدایەوە، بەڵام بۆ کەمکردنەوەی بایەخی ناکۆکییەکە گوتی: "ترەمپ و شی جینپینگ، سەرۆکی چین، پەیوەندییەکی کاریی زۆر باش لە نێوانیاندا هەیە."

ئەم لێدوانانەی بێسێنت دوای ئەوە دێت کە سێ گەورە دامەزراوە ئابوورییەکەی جیهان سندووقی نێودەوڵەتی دراو، بانکی جیهانی و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە دوێنێ دووشەممە هۆشدارییەکی توندیان دابوو بە وڵاتان کە خۆیان لە کۆگاکردن و پاشەکەوتکردنی وزە بپارێزن بۆ ئەوەی بازاڕەکان تووشی شۆک نەبن، بەڵام وا دیارە واشنتن وا دەبینێت کە چین پێچەوانەی ئەو رێنماییە نێودەوڵەتییانە کار دەکات.

بەگوێرەی کۆنووسی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی یەدەگی فیدراڵی، جەنگی ئێران کە لە 28ی شوباتەوە پەرەی سەندووە، نادڵنیاییەکی توندی لە دیدگای ئابووری بۆ داهاتوو دروستکردووە. خاڵی سەرەکی ئەم نادڵنیاییە بۆ تێکچوونی بازاڕی وزە و بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە، کە وای کردووە بەرپرسانی دارایی هۆشداری بدەن لەوەی هەڵاوسان بۆ ماوەیەکی درێژتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا بە بەرزی بمێنێتەوە.

بەرپرسانی بانکی ناوەندی نیگەرانیی قووڵیان هەیە کە بەرزبوونەوەی تێچووی وزە تەنیا لە کەرتی سووتەمەنیدا نەمێنێتەوە، بەڵکوو بپەڕێتەوە بۆ ناو سەرجەم کەرتەکانی دیکەی ئابووری و ببێتە هۆی هەڵاوسانی سەرەکی لە کۆنووسەکەدا هاتووە کە درێژەکێشانی جەنگ دەبێتە هۆی، لاوازبوونی بازاڕی کار و کەمبوونەوەی هەلی کار، کەمبوونەوەی توانای کڕینی خێزانەکان و خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری لەسەر ئاستی جیهان.