نۆڤاک: رووسیا ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا ئاسایی بکاتەوە

ئەلێکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا
ئەلێکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا

جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا رایگەیاند، مۆسکۆ هیچ کاتێک پشتی لە واشنتن نەکردووە و ئامادەی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە نوێیەکانە، جەختیش دەکاتەوە کە ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکادایە.

ئەلێکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری نێودەوڵەتی سانت پترسبۆرگ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی NBCی ئەمریکی رایگەیاند: "رووسیا هەرگیز پشتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەکردووە. ئێمە ئامادەین و کراوەین بۆ دروستکردنی پەیوەندی نوێ، ئێستاش تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەواندایە".

ئەم لێدوانانەی نۆڤاک لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتن بەهۆی قەیرانی ئۆکرانیا و ئەو سزا ئابوورییانەی بەسەر رووسیادا سەپێنراون، گرژییەکی بێوێنە و مێژوویی بەخۆیانەوە دەبینن.

پێشتر و لە مانگی ئاداری 2025، کۆشکی کرێملین ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کارێکی "درێژخایەن و سەختە"، بەڵام لە هەمان کاتدا بوونی "ئیرادەی سیاسی لای هەردوولا بۆ چوونە پێشەوە" دووپات کردبووەوە.

کۆڕبەندی ئابووری نێودەوڵەتی سانت پترسبۆرگ، کە بە گەورەترین رووداوی ئابووری ساڵانە لە رووسیا دادەنرێت، ئەمساڵ لە ماوەی نێوان 3 بۆ 6ی حوزەیران بەڕێوەدەچێت و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسان و وەبەرهێنەرانی جیهانی تێیدا بەشدارن.

پەیوەندییەکانی رووسیا و ئەمریکا ئێستا لە دۆخی "پێکدادانی سارد" و گرژییەکی زۆردان، بنەڕەتی ناکۆکییەکانیش بۆ ململانێی هێز و هەژموونی جیۆپۆلەتیکی دەگەڕێتەوە؛ واشنتن هەوڵدەدات پێگەی خۆی وەک تاکە جەمسەری جیهان بپارێزێت، لە بەرامبەریشدا مۆسکۆ هەوڵ بۆ گەڕاندنەوەی پێگەی خۆی وەک زلهێزێک و وەرگرتنەوەی ناوچە مێژووییەکانی ژێر دەسەڵاتی دەدات.