مەرجێکی سەیر لە گرێبەستەکەی شلۆتێربێرگ هەیە
سەرەڕای ئەوەی نیکۆ شلۆتێربێرگ بەرگریکاری ئەڵمانی یانەی بورووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی، داواکاری زۆری لەسەرە بۆ هاوینی داهاتوو، بەڵام ئەو یاریزانە دواجار گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی نوێکردەوە. هەرچەندە مەرجێکی سەیر لە گرێبەستی ئەو یاریزانە هەیە.
ماڵپەری سکای سپۆرتی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، هەفتەی رابردوو شلۆتێربێرگ بەرگریکاری یانەی بورووسیا دۆرتموند، گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی ساڵی 2031 لەگەڵ یانەکەی نوێکردەوە، بەڵام مەرجێک لە گرێبەستەکەی هەیە دەتوانێت بەرامبەر 50 بۆ 60 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە چەند یانەیەکی تایبەت بکات.
سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە ئەو یانە تایبەتانە بریتین لە یانەکانی ریاڵ مەدرید و لیڤەرپوول، ئەمە لە کاتێکدا پێشتر دەنگۆیەکی بەهێز هەبوو کە یانەکانی بارسێلۆنا و بایرن میونشن هەوڵی جدی بۆ گواستنەوەی ئەو بەرگریکارە ئەڵمانیە دەدەن.
نیکۆ شلۆتێربێرگ بەرگریکاری تەمەن 26 ساڵان، لەوەتەی ساڵی 2022 لە ریزەکانی یانەی بوروودسیا دۆرتموندی ئەڵمانی یاری دەکات و لەگەڵ ئەو یانەیە، لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتیەکان بەشداری 156 یاریکردووە و خاوەنی 10 گۆڵ و 18 ئاسیستە. هەروەها ئەو یاریزانە ئەم وەرزە لە کۆی 32 یاری 4 گۆڵ و 2 ئاسیستی تۆمار کردووە.