وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە سزای بەسەرچوونی نشینگە و ڤیزای کەسانی بیانی چەند بڕیارێک دەردەکات
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە لێخۆشبوونی گشتی لە سزای دارایی بۆ ئەو بیانییانەی بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و شەڕەوە نشینگە یان ڤیزاکانیان بەسەرچووە. بەپێی رێنمایی نوێیەکان، ئەو کەسانەی لە دوای 28ـی شوباتی 2026ـەوە تووشی ئەم کێشەیە بوون، تاوەکوو 30ـی نیسانی 2026 دەرفەتیان هەیە بەبێ پێدانی سزا بگەڕێنەوە هەرێم، گەشتی دەرەوە بکەن یان ڤیزاکانیان بگۆڕن بۆ نشینگە.
سێشەممە 14ـی نیسانی 2026، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، بە مەبەستی هاوکاریکردن و کارئاسانی بۆ ئەو بیانییانەی بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە نەیانتوانیوە گەشت بکەن یان نشینگەکانیان نوێ بکەنەوە، بڕیاریدا بە لێخۆشبوونی لە سزای دارایی بەم شێوەیەی خوارەوە:
یەکەم/ بۆ ئەوانەی نشینگەیان بەسەرچووە و لە دەرەوەی هەرێمن:-
ئەوانەی لە دوای 28ـی شوباتی 2026 نشینگەکەیان بەسەرچووە، دەتوانن تا 30ـی نیسانی 2026 بە هەمان کارت بگەڕێنەوە هەرێم و بێ سزا نشینگەکەیان نوێ بکەنەوە. دوای ئەم رێکەوتە پێویستیان بە ڤیزای نوێ دەبێت.
دووەم/بۆ ئەوانەی دەیانەوێت گەشتی دەرەوە بکەن:-
ئەو بیانییانەی نشینگە یان پاسپۆرتەکەیان بەسەرچووە و نەیانتوانیوە گەشت بکەن، تا 30ـی نیسانی 2026 دەتوانن بەبێ پێدانی سزای دارایی مۆری دەرچوون وەربگرن و گەشت بکەن. هەروەها ئەو کەسانەی کە بەڵگەیان هەیە کە مامەڵەی پاسپۆرتیان بەهۆی شەڕەوە دواکەوتووە، لە سزا دەبوردرێن.
سێیەم/ بۆ گەشتیاران خاوەن ڤیزا:
ئەو گەشتیارانەی لە دوای 28ـی شوباتی 2026 ڤیزاکەیان بەسەرچووە، دەتوانن تا 30ـی نیسانی 2026 بەبێ سزا لە فڕۆکەخانە و دەروازەکانەوە بچنە دەرەوە. ئەوانەشی دەیانەوێت ڤیزاکەیان بگۆڕن بۆ نشینگە، بەبێ سزا و بەپێی رێنماییەکان مامەڵەیان بۆ دەکرێت.
ئەم بڕیارانە تەنیا تا کۆتایی مانگی نیسانی 2026 کاری پێدەکرێت بۆیە پێویستە لە کاتی دیاریکراودا سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەیوەندیدار بکەن بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانتان.