ئیسماعیل بەقایی: چەکی ئەتۆمی ئێران بوونی نییە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی نیسانی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوایین هەڵوێستەکانی وڵاتەکەی سەبارەت بە پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان خستەروو و رایگەیاند؛ سەرەڕای گرژییەکان، پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی پەیام لە نێوان تاران و واشنتن تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.

بەقایی ئاماژەی بەوە کرد، ئێران و ئەمریکا لە رێگەی جیاوازەوە پەیامیان ئاڵوگۆڕ کردووە. سەبارەت بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند؛ ترەمپ بانگەشەی وێرانکردنی ئێران دەکات، بەڵام جەختی کردەوە، ئامانجی تاران لە هەر دانوستانێک، کۆتاییهێنانە بە جەنگ و وێرانکارییە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی خاوەنی چەکی ئەتۆمی نییە هەروەها ئاشکرای کرد، ئێران داوای قەرەبووی ئەو زیانانەی کردووە کە بەهۆی جەنگەوە لێی کەوتووە.

سەبارەت بە پەیوەندییە هەرێمییەکان، ئیسماعیل بەقایی رایگەیاند؛ ئێستا لەگەڵ وڵاتی پاکستان لە گفتوگۆدان بە مەبەستی ئەنجامدانی دانوستان، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.