هەولێر.. پێشانگەیەکی شێوەکاری بەبێ پێشاندانی هیچ وێنەیەکی هونەری کرایەوە
بەبەشداری 14 هونەرمەند، پێشانگەیەکی شێوەکاریی هاوبەش بەناونیشانی "نا پێشانگەی هونەری"، لە هەولێر لە گەلەری میدیا کرایەوە.
چوارشەممە، 15ی نیسانی 2026، ئەحمەد نەبەز، شێوەکار و ریکخەری ئەو پێشانگەیە بە کوردستان24ی گوت، "ئەو پێشانگەیە 14 هونەرمەندی شێوەکار، لە شارە جیاجیاکانی کوردستان تێیدا بەشداربوون، کە بەبۆنەی رۆژی جیهانی هونەر ئەو چالاکییە رێکخرا، واتە 15ی نیسانی هەموو ساڵێک رۆژی جیهانی هونەری شێوەکارییە، ئەوە لە دونیادا یەکلاکراوەتەوە، ئەوانی دیکە پسپۆڕی و شانۆ و میوزیکە."
ئەو شێوەکارە باس لە گرنگی کردنەوەی ئەو پێشانگەیە دەکات و دەڵێت، "ئەو پێشانگەیە لەم رۆژەدا بەمەبەست کرایەوە، بەڵام ئامانج و هۆکاری پێشانگەکە تا کرانەوەی بۆ هونەرمەندانی بەشدار بووم رووننەکردبووەوە، ئێستا زانیان کە ئەو پێشانگەیە چییە و بۆچی کراوەتەوە، کە پشتی تابلۆکان نمایشکرابوون و هیچ وێنەیەکمان پێشان نەدا، هەروەها پێشانگەیەکی جیاواز بوو لەهەموو ئەو پێشانگەیانەی کە هەبووە، واتە بینەر و هونەرمەندان کە سەیری پێشانگەکەیان کرد و تابلۆکانیان بینی ئەوکات بۆیان دەرکەوت کە پێشانگەکە بۆچی کرابووەوە و ئامانج لە کردنەوەی چیی بووە."
هونەرمەندانی بەشداربووی ئەو پێشانگەیە بریتیی بوون لە: وەهبی رەسوڵ، رێبوار سەعید، نامۆ رۆستەمزادە، حەمە هاشم، ئەحمەد نەبەز، ئازاد كەریم، ناز عەلی، نەرمین مستەفا، بەشدار نوری، شوكر سەعید، خەیری ئادەم، دژوار عیسا، كۆسار جەلال، هێمن حەمید. هەروها ئەو پێشانگەیە رۆژی چوارشەممە، 15ی نیسانی 2026، لە هەولێر لە گەلەری میدیا کرایەوە و بۆ ماوەی یەک رۆژ بەردەوام دەبێت.