ئەندامانی یەکێتیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بڕیاری حزبەکەیان یاخیبوون
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، دانیشتنی چاوەڕوانکراوی سبەینێی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رووبەڕووی ئاستەنگ و ناڕەزایەتی بووەتەوە، ئەمەش بەهۆی دروستبوونی جیاوازی لە نێوان ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی و سەرکردایەتی حزبەکەیان لەسەر کاندیدی پۆستی پارێزگار.
چوارشەممە 15ـی نیسانی 2026، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سەر لیستی یەکێتی، لە بڕیاری حزبەکەیان سەبارەت بە کاندیدی بەرەی تورکمانی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک ناڕازین، ئاماژەی بەوەشکرد، هەر چوار ئەندامەکەی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگا، لەگەڵ ئەندامەکەی فراکسیۆنی بابلۆن کە کادیری یەکێتییە، پەیامێکی توندیان ئاراستەی سەرکردایەتی و سەرۆکی یەکێتی کردووە، رایانگەیاندووە، بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین دەنگ بە کاندیدی ئێستای بەرەی تورکمانی (محەمەد سەمعان ئۆغڵو) بدەن و داوای گۆڕینی کاندیدەکە دەکەن.
لە بارەی هەوڵەکانی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ رازیکردنی ئەندامەکانی پەیامنێری کوردستان24 گوتی، سەرکردایەتی یەکێتی تاوەکو ئێستا لە هەوڵدایە بۆ رازیکردنی ئەو ئەندامانەیان تاوەکو دەنگ بە کاندیدەکەی بەرەی تورکمانی بدەن و پابەندی رێککەوتنەکان بن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ رازیبوونیان نییە.
ئە پێشهاتە دوای ئەوە دێت، محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق، داوای لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە حزبەکەی خۆیەتی کردووە، کارنامەی دانیشتنەکە بۆ ئەندامان بنێرێت، بەگوێرەی زانیارییەکان، رێککەوتنێک لە نێوان حەلبووسی و یەکێتی هەیە بۆ ئەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بدرێت بە پێکهاتەی تورکمان.
ئەم پەرەسەندنە نوێیە چارەنووسی دانیشتنەکەی سبەینێی خستووەتە ژێر پرسیارەوە، لە کاتێکدا لایەنەکان هەوڵدەدەن دوای چەندین مانگ چەقبەستوویی، کێشەی پۆستە کارگێڕییەکانی کەرکووک چارەسەر بکەن.
ئەم رووداوانە لە کاتێکدایە، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی نیسانی 2026، نووسراوێکی بە پەلەی بە ژمارە م/232 لە بارەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە بڵاوکردووەتەوە و بڕیارە کۆبوونەوەکە کاتژمێر 12 بەڕێوە دەچێت.
بە گوێرەی کارنامەکەی کۆبوونەوەکەی سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رێبوار تەها مستەفا دەست لەکار دەکێشێتەوە و محەممەد سەمعان بە پارێزگاری نوێ دەستبەکار دەبێت.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکەنای کوردستان24، بافل تاڵەبانی لەگەڵ حەلبووسی و کلدانی رێککەوتووە، پۆستی پارێزگاری کەرکووک، لە رێبوار تەها وەربگیرێتەوە و بدرێتە محەممەد سەمعان کە سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقە و بۆ حەوت مانگ پارێزگاری کەرکووک دەبێت، دوای ئەو پۆستەکە بە کەسێکی عەرەبی سوننە دەدرێت و تا هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پۆستی پارێزگای کەرکووک لە دەستی عەرەبی سوننە دەمێنێتەوە.
لە بەرانبەر پێدانی پۆستی پارێزگار بە تورکمان و عەرەبی سوننە، بافڵ تاڵەبانی داوای جێگری پارێزگار و فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک و قایمقامەکانی دووبزو داقوقی کردووە.
ئەم رێککەوتنە لە پێناو سەرکەوتنی کاندیدی یەکێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کراوە، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، قەیس خەزعەلی و رەیان کلدانی کردوویەتی؛ شەممە، 11 ـی ئەم مانگە، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی عێراق، رێککەوتنەکەیان جێبەجێکرد تەنانەت دوو ئەندامەکەی تورکمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگیان بە نزار ئامێدی دا، ئێستا تۆپەکە کەوتووەتە گۆڕەپانی یەکێتی و دەبێت رێککەوتنەکەی بۆ رادەستکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک جێبەجێ بکات.